سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بێگەرد تاڵەبانی: لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دروستکردنی چەند بەنداوێکی نوێ رێککەوتووین

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دروستکردنی چەند بەنداوێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن. ئاماژە بەوەش دەدات، پێیوانییە ئەمساڵ کێشەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبێت بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم.

ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە  بەغدا دەستیپێکرد، کۆنفرانسەکە لەژێر دروشمی (کەمی ئاو، هۆرەکانی دۆڵی رافیدەین، ژینگەی شەتولعەرەب، بەرپرسیارێتی هەمووان) بەڕێوەدەچێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێك بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا کردووە و لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، کۆنفرانسەکەی بە “گرنگ” ناوبرد، چونکە وەکو خۆی ئاماژەی پێکرد، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، بابەتی ئاو ئێستا بووەتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و وایکردووە رێژەی ئاو لە زۆرینەی وڵاتان، بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، کە رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بوونەتەوە، کەمببێتەوە.

تاڵەبانی روونیشیکردەوە، هەر لەو کۆنفرانسە زانستییەدا میکانیزمەکانی چارەسەکردنی کێشەی کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخرێنەڕوو “ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان کە رووبەڕووی کێشەکە بووینەتەوە، قسەی خۆمانمان هەیە و دانیشتنی خۆمانمان دەبێت”.

لەبارەی گلدانەوەی ئاو و دروستکردنی ژامارەیەک بەنداو لە هەرێمی کوردستان، وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد، سەدا 30ـی ئاوی گلدراوی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە و سێ بەنداوی ستراتیژییان هەیە؛ دووکان، دەربەندیخان و دهۆک، “راستە لەلای ئێمە ئاو گلدەدرێت، بەڵام عێراق زۆرترین سوود لەو گلدانەوە دەبینێت کە نزیکەی 90٪ـە و بۆ ناوەڕاست و باشوور دەچێت”.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بەنداویان لەسەر نییە و هەر لەوبارەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دروستکردنی چەند بەنداوێکی نوێ رێککەوتوون. دەشڵێت:”ئێمە کردارمان دەوێت و دەمانەوێت پڕۆسەکە بە شێوەیەکی کرداری بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی هەردوولامان لێی سوودمەند ببین”.

بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گوتی: بەهۆی ئەوەی لەماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا بە قۆناغێکی وشکەساڵیدا تێپەڕیون و رێژەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەی گەنم زۆر کەمبووەوە و عێراق پێویستی بەوەیە کە گەنم کۆگا بکات، بۆیە بڕیاریاندا هەموو بەرهەمەکە وەربگەنەوە. ئەمساڵ بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارین، بەرهەمی زۆرمان دەبێت، هەر بۆیە پێموانییە لەگەڵ حکومەتی عێراق کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانمان هەبێت”.