کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بە پێشکەشکردنی 20 راسپاردە کۆتایی هات

 

دوای سێ رۆژ لە پێشکەشکردنی چەندین بابەت و پانێڵی پڕگفتوگۆ، کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی گەلی کوردستان – کوردانی فەیلی لە شاری هەولێر کۆتایی هات و 20 راسپاردە خستەڕوو.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 4ـی ئایاری 2023) له‌ شاری هه‌ولێر كۆتایی به‌ كاره‌كانی “کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی گەلی کوردستان – کوردانی فەیلی” هات، كه‌ رۆژی 2ـی ئایار به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی و به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ به‌شداری چه‌ندین توێژه‌ر و یاساناس و كه‌سایه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد.

دوای ته‌واوبوونی كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ زانكۆكاكانی سه‌ڵاحه‌ددین-هەولێر، دهۆك و سۆران رێكخرابوو بە سەرپەرشتی بارەگای بارزانی و سپۆنسەری میدیایی کوردستان24، كامه‌ران یونس محەمەدئه‌مین، سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ 25 وڵاتی جیهان میوانان به‌شداریان له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ كردووه‌ و له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی ئه‌و كۆنفرانسه‌دا 107 توێژینه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌ و 31 پانێڵی سیاسی زانستیش له‌ 10 بواری جیاواز پێشكه‌ش كراون.

راسپارده‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك خاڵ پێكهاتووه‌، بڵاوكرایه‌وه‌ و تێیدا راگه‌یه‌ندراوه‌‌ “له‌ژێر رۆشنایی راسپارده‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م كۆنفرانسه‌، هه‌روه‌ها له‌پێناو رێكخستنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و به‌دواداچوون و خزمه‌تكردنی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی تایبه‌ت به‌ جینۆسایدی كوردی فه‌یلی، داوا ده‌كه‌ین دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی تایبه‌ت به‌ كوردانی فه‌یلی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر دابمه‌زرێت”.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، له‌م كاته‌دا سه‌رجه‌م راسپارده‌كانی كۆنفرانس ده‌بنه‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی ورد بۆ كاری ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ و خزمه‌تكردنی كوردی فه‌یلی له‌ ئێستا به‌دواوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌دا پێشنیاز كراوه‌ ده‌وڵه‌تی عێراق پابه‌ند بكرێت به‌ چوونه‌ پاڵ و واژووكردنی رێككه‌وتننامه‌ی رۆمای سه‌ره‌كی. هاوكات پێشنازی ده‌ركردنی یاسایه‌كی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ئه‌ندامبوونی عێراق له‌ رێككه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عێراق عێراق له‌ ساڵی 1959 واژووی له‌سه‌ر ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ كردووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی عێراق جێبه‌جێ نه‌كراوه.

یه‌كێك له‌ پێشنیازه‌كانی دیكه‌ كه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ پێشكه‌شی كردووه‌، بریتییه‌ له‌ ده‌ركردنی یاسایایه‌ك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقی فیدڕاڵ سه‌باره‌ت به‌ دادگای باڵای تاوانه‌كانی هه‌میشه‌یی كه‌ تایبه‌ت بێ به‌ تاوانه‌كانی جینۆساید و دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و دوژمنكاری.

هاوكات له‌ یه‌كێك له‌ پێشنیازه‌كانی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ داوا كراوه‌، په‌رله‌مانی عێراقی فیدڕاڵ یاسایه‌ك ده‌ربكات سه‌باره‌ت به‌ جێگیركردنی به‌شه‌بودجه‌ی ساڵانه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان و قوربانیانی جینۆسایدی گه‌لی كورد به‌گشتی و كوردانی فه‌یلی به‌تایبه‌تی.

هه‌روه‌ها پێشنیاز كراوه‌ سه‌رۆككۆماری عێراق داوای لێبووردن له‌ كوردانی فه‌یلی و سه‌رجه‌م گه‌لی كورد بكات كه‌ رووبه‌ڕووی تاوانی جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیاباران و راگواستن و هاتوون له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق و داننان به‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی ئێستای عێراق میراتگری حكومه‌ته‌كانی پێش خۆیه‌تی.