به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هه‌رێم: زۆرینەی ئەوانەی بە ئۆنلاین چەکیان دەفرۆشت دەستگیرکراون

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم رایگەیاند، هەموو ئەو شوێنانەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەکیان دەکرد، داخراون و تەنیا چەند کەسێک هەبوون کە هەوڵیان داوە بە ئۆنلاین چەکەکانیان بفرۆشن، ئەوانیش زۆرینەیان دەستگیرکراون.

كارزان ئه‌میر، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ رێكاری یاسایی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت و نایاسایی له ‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان گیراوه‌ته‌به‌ر.

گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: ئاگاداری هاووڵاتیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی چه‌كی بێ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ و تۆماریان نه‌كردووه،‌ كه‌متر له‌ 80 رۆژیان له‌به‌رده‌مدایه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كه‌كانیان تۆمار بكه‌ن و خۆیان له‌ سزای به‌ندكردن و پێبژاردن به‌دوور بگرن.

کارزان ئەمیر روونیشیکردەوە، ئەو کەسەی چەکەکەی تۆمار دەکات، دەبێت لە شوێنێکی پارێزراوی ماڵەکەیدا هەڵیبگرێت و نابێت بیفرۆشێت یان بیبەخشێت، گوتیشی: پاش تەواوبوونی ماوەی یاسایی بۆ تۆمارکردنی چەک، کە 21/7/2023ـیە، وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان هەشت لیژنە پێکدەهێنێت، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ خاوەن چەکەکان، هەروەها بڕیاران لەسەر دەدات بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک هەڵگرین یان خاوەندارێتی چەک