سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى نزيك كۆبوونه‌وه‌

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 3ـی ئایاری 2023) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باربارا ليف، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى نزيك كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و كونسۆڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش، دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كراوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختيان‌ له‌ پابه‌ندى به خشته‌ و به‌رنامه‌ى ياداشتى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن)ـوه‌ ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌وه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه، كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ماهه‌نگى و هاريكاريى ئێستاى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقيشیان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.

هه‌روه‌ها فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. تێيدا باس له‌ ده‌ر‌فه‌ته‌كانى به‌هێزكردنى ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هه‌بوونى زه‌مينه‌ى له‌بار بۆ كه‌رتى تايبه‌ت و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ريكى، كرا.

یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌ دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ باربار لیف، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ عێراق و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی عێراق كۆبووه‌وه