سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/5/3 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز گویدۆ کرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتالیا کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاليا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ڕۆما، دۆخى سياسيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ڕۆڵى ئيتاليا له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ڕۆڵ و پشتگيريى سه‌ربازيى ئيتاليا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا دووپات كرده‌وه‌ و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان بە په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئيتاليا ده‌ربڕى، به‌تايبه‌تيش فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بوارى ئه‌منيدا. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى هێزه‌كانى ئيتالياى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ مه‌شق و ڕاهێنانيان به‌ پێشمه‌رگه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا وێڕاى ده‌ربڕينى به‌رده‌واميى پشتگيريى سه‌ربازيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێزانينى ئيتاليا بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشكاندنى داعشدا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى به‌ گرنگ بۆ ناوچه‌كه‌ و جيهان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا باڵيۆزى ئيتاليا له‌ عێراق، كونسولى گشتى و فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ئيتاليا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.