ئەمڕۆ چوارشەممە 3/5/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گویدۆ کرۆسێتۆ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کرد.
لە دیدارێکدا سەرۆکی حکومەت و وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرد.
وەزیری بەرگری ئیتاڵیا، سڵاو و رێز و بانگهێشتنامەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیای بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند بۆ سەردانی رۆما، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو خۆی بە دۆستێکی کۆنی گەلی کوردستان دەزانێت و جەختیشی لە بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە کردەوە، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئیتاڵیای کرد، کە پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پشتیوانی گەلی کوردستانە، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی هەرێم و ئیتاڵیا لە هەموو بوارەکاندا زیاتر بەرەو پێش بچن. بەتایبەتی کە دەرفەتی زۆر هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیتاڵیا.
