پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و بە بڕیاری یەکێتی، لەمپەر بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان دروست کراوە، بۆیە نه توانرا تاوەکو 2ـی 6ـی 2022، دانیشتنی پەرلەمان بکرێت.
دوێنێ، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەربارەی هەموواریی یاسای هەڵبژاردن و مەترسییەکانی دووبارە دواخستنی هەڵبژاردن، ڕوونکردنەوەی بۆ میدیاکان دا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتەبێژی فراکسیۆنەکە ڕایگەیاند: لە یەکەم ڕۆژەوە کە باس لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناچاری ئەم هەنگاوەی ناوە، بۆئەوەی ئامادەکارییە یاساییەکان تەواوبن بۆ هەڵبژاردن، گوتیشی: لەم پێناوەشدا، کۆمەڵێك بابەت هەبووە پێی ڕازی بووین، کە لە سەرەتادا لەگەڵ بۆچوونی ئێمە نەبووە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی، سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان، گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناچاری هەنگاوی بەرە و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناوە بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان تەواوبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی ئەمساڵەدا؛ لەو پێناوەشدا، بە کۆمەڵێک بابەت ڕازی بووین، کە لە سەرەتا بۆچوونی ئێمە نەبووە و لە داواکارییەکانی خۆمان هاتووینەتە خوارەوە تەنیا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت.
گوتەبێژی فڕاکسیۆنی پارتی ئاماژەی بە 18 هەنگاوی حیزبەکەی دا، بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە سەرجەمیان بەهۆی نەهاتنەپێشەوەی لایەنەکان گەیشتوونەتە بنبەست.
ڕایگەیاند: لە ڕۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2021، ساڵێك بەر لە تەواوبوونی خولی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، پێشنیازی دروستکردنی کۆمسیۆنی نوێیان کردووە، بە چەند ڕێگەیەک، بەڵام ئەم بابەتە کێشەی بۆ دروستکرا و لایەنی سەرەکی لەم بابەتەدا نەهاتە پێشەوە بۆئەوەی چارەیەك بدۆزینەوە.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: جۆرێک لە بێهیوایی دروستبووە کە خەریکە جارێکی دیکەش هەڵبژاردن نەکرێت، هۆی سەرەکی ئەمەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئێمە لەژێر گوشاری ئەوەی بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست نەبێت پەنامان بردە بەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن تەواو بکرێت.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە: هەر دەستپێشخەرییەک دەخەینە ڕوو لە بەرامبەریدا لەمپەرێک دروست دەکرێت، پارتی بە سیستمی فرەبازنەیی و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و سەرجەم خاڵەکانی دیکە ڕازی بوو، بەڵام لەگەڵ هەر ڕازیبوونێکمان، لەمپەرێکی دیکە دروست دەکرێت.
پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: یەکێتی لە هەر هەنگاوێک کە بەڵێنی داوە، لە جاری داهاتوودا بەشێوەیەکی دیکە هاتوونەتە پێشەوە، هەر بڕیارێک لە کۆبوونەوەکان دراوە، بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو بە بیانووی نەخۆشکەوتن یان هەر هۆکارێکی دیکە کۆبوونەوەکە نەکراوە.
گوتیشی: ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتی 10 مەرجی هەبێت بۆ هەڵبژاردن و پارتی بە هەموویان ڕازی بێت، ڕۆژی دواتر 10 مەرجی دیکە دادەنێت و ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردن نەکرێت.