یەکێک لە گرنگترین و بەرجەستەترین سیماکانی دیموکراسی لە هەموو وڵاتێکدا بریتییە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و بەهۆیەوە خەڵک ئازادانە لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدان، نوێنەرانی خۆیان بۆ خولێکی تر هەڵدەبژێرن. ئەم پێوەرەی دیموکراسی هەرچەندە زیاتر پشتگوێ بخرێت و هەڵبژاردن زیاتر دوا بکەوێت ئەوا دیموکراسییەکەش لاوازتر دەبێت و زیاتر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی دامەزراندنی قەوارەکەی، بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و یەکێک لەو پرنسیپانەی دواجار بووەتە پێوەری یەکلاکردنەوەی کێشەکان و دابەشکردنی دەسەڵات، پێوەری هەڵبژاردن بووە و خەڵک لە ڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە نوێنەر و پارتی دڵخوازی خۆیان هەڵبژاردووە.
یەکەم یاسا کە لە هەرێمی کوردستان دەرچوو و کاری پێ کرا بنەمایەکی گرینگی دیموکراسی بوو کە بە یاسای یەکەم لە کوردستان ناوی دەرکرد و بە یاسای هەڵبژاردن ناسرا. سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لیژنەیەکی تایبەتیان پێک هێنا بۆ ئەوەی ڕێکار و میکانیزمێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکات.
ئهم لیژنه تایبهتییه ١٥ کەسییە لە کەسانی شارەزا و یاساناس و سیاسەتمەدار و دادوەر پێک هاتبوون، دوای ئهوهی چهند کۆبوونەوەیەکی له مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ تا کۆتایی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ ڕێکخست، پڕۆژهیاسایهكیان پێشكهش بهسهركردایهتیی سیاسیی بهرهی كوردستانی كرد و له ڕۆژی ٢٨ی نیسانی هەمان ساڵ بڕیاری لەبارەوە درا و به ناوی یاسای ژماره یەک بۆ ساڵی١٩٩٢ یاسای ههڵبژاردنهكانی ئهنجوومهنی نیشتمانیی كوردستان پەسند کرا.
تا ئەم ساتە، لە هەرێمی کوردستان پێنج خولی هەڵبژاردن بەڕێوە چوون کە یەکەمیان لە ١٩ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ بوو و خەڵک ئازادانە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و بە گوڕ و تینەوە نوێنەرانی خۆیان هەڵبژارد. هەرچەندە دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردن، کۆمەڵێک ڕووداوی تاڵ لە هەرێمی کوردستان ڕوویان دا بەڵام دواجار لایەنەکان دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر و بۆ هەمان پڕەنسیبی دیموکراسی و هەڵبژاردن گەڕانەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ خولی دووەمی هەڵبژاردن دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. خولی سێیەم لە ساڵی ٢٠٠٩ و خولی چوارەمی هەڵبژاردنیش لە ساڵی ٢٠١٣ بەڕێوە چوون. خولەکانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیاندا کران و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان چ لە سەر ئاستی ناوچەکە و چ لەسەر ئاستی جیهاندا هەبوو. هەرێمی کوردستان تەنیا بەوە نەناسرا کە لە ماوەیەکی کورتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەی بەخۆیەوە بینی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی باش بوو، بەڵکوو لەڕووی دیموکراسییەوە وەک نموونەیەک لە گۆڤار و ڕۆژنامە جیهانییەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان ناوی دەهێنرا.
دوای خولی چوارەم دیسان پرسی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی خستە قۆناغێکی نەخوازراو و لە ژێر کاریگەری ئەم قۆناغە خولی پێنجەمی هەڵبژاردن ساڵێک لە کاتی دیاریکراوی خۆی دوا کەوت. هەڵبژاردنی خولی پێنجەم لە ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو و بەگوێرەی یاسا دەبوایە ساڵی ڕابردوو خولی شەشەم کرابا بەڵام نەکرا.
ماوەی ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردن دەستنیشان کرد بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی ڕێک نەکەوتوون و پەرلەمانیش نەیتوانیوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وڕاپرسی چالاک بکاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکرێ.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بە ئاشکرا گوتوویەتی بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بە بێ کێشە بەڕێوە بەرێت پێویستی بە شەش مانگ هەیە تا ئامادەکاری بۆ بکات. لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە نزیکەی شەش مانگ و ١٨ رۆژی ماوە تا کاتی هەڵبژاردن، بەو پێیە لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان تا ١٨ی ئەم مانگە دەبێ پرسی یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە.
هەر ئەوەندەی کە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن دوا کەوتووە کاریگەری خراپی بۆ سەر پێگەی دیموکراسی هەرێمی کوردستان هەبووە، چونکە نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵخانەی وڵاتان لە نزیکەوە ئاگایان لە ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و چاوەڕوانن ئەو هەرێمەی پێشتر وەک نموونەی دیموکراسی ناوی دەهێنرا بگەڕێتەوە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەی و هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدان بکرێتە سەنگی مەحەکی ململانێی لایەنە سیاسییەکان.
دووەم جارە سەرۆکایەتی هەرێم بە مەرسوومێک کاتی هەڵبژاردن دیاری دەکات و ئەگەر دیسان هەڵبژاردن بۆ کاتێکی تر دوا بکەوێت ئەوا کاریگەری خراپی لەسەر پێگەی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان دەبێ و دیموکراسییەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و لەو کاتەدا کۆی قەوارەی هەرێمی کورستان زیان دەکات.