ئەم مانگە پرۆژەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەژاران دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدرامەت دەرکرد، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەم مانگە پڕۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون سەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەقیستی درێژخایەن بە خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دەدرێت، پشکی ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، شەش ھەزار و ٨٠٠ یەکەیە، پشکی پارێزگای سلێمانی، پێنج ھەزار و ٢٠٠ یەکەیە، پشکی دھۆک چوار ھەزار و ٥٠٠ یەکەیە، پشکی پارێزگای ھەڵەبجە ٤٤٠ یەکە و گەرمیان ھەزار و ٥٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی بەردەکەوێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ بڕیاری دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدرامەتان دەرکرد، ڕۆژی ٣١-٥-٢٠٢٢ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەوبارەوە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت.
نزار خورشید، کرێچییە، گوتی: مانگانە کرێی خانووەکەم ٢٠٠ ھەزار دینارە، پارەی ئاو و کارەباش دەدەم، جگە لەوەی ساڵانە خاوەن خانووەکە کرێیەکەم لەسەر زیاد دەکات، بەوەش ناچار دەبم ساڵانە ماڵەکەم بۆ دوو تا سێ خانوو بگوازمەوە، کە ھەندێک جار خانوو دەست ناکەوێت.
خورشید، گوتیشی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم ئەو یەکانەی کە سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دروست بکرێن، ھەرچی زووە دەست بە دروست کردنیان بکرێت، بۆ ئەوەی منیش وەکو ھەر ھاووڵاتییەکی دیکە ببمە خاوەن خانووی خۆم و لە کرێچی ڕزگار بم.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە زۆربەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زەوی بۆ ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دابین کراوە و وەبەرھێنەریش دیاریکراوە، ڕێنمایی دەستبەکاربوونیش بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، 2٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، پڕۆسەی کارکردن بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بەردەوامە و لەم مانگەدا سەرجەم پڕۆژەکانی ئێمە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەست بە دروستکردنی دەکرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی سندووقی وەبەرھێنانەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکرێن و ھەوڵدەدەین لەماوەی یەک ساڵدا ئەو پڕۆژەیە تەواو بکەین.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرنجی خستە سەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی باشی بازرگانی و وەبەرھێنان ناسراوە، ھەوڵ دەدەن بۆ داھاتوو ڕۆتینەکان بۆ وەبەرھێنانی بیانی نەھێڵین تا بتواندرێت زۆرترین وەبەرھێنەری بیانی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.