بڕیارە لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوو باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بابەتی سەرەکی سەردانەکەی پێشوازی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا، کە مانگێکە ئێمزا کراوە، داوای ئەمریکا ئەوەیە هەرچی زووە هەناردەی نەوتەکە دەست پێبکاتەوە.
باربارا لیف، سەردانی بەغداش دەکات و لەوێ بەشداری لە دیداری عێراق دەکات کە بە بەشداری سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، بەپێی زانیاری بە دەست گەیشتوو، ئەو ژنە بەرپرسە ئەمریکاییە، لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر و بەغدا، جەخت لە هاوبەشیی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا دەکاتەوە. باربارا لیف، ئەیلوولی ڕابردوو سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و ئەوکات داوای حکومەتێکی کارا و چالاکی کرد و پەیامی ئەمریکای گەیاندە سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ هاوکات نیگەرانی ئەمریکایشی دەربڕی بەهۆی ئەو بڕیارەی ساڵی رابردوو لە دادگەی فیدراڵییەوە لەبارەی نەوت و گازی کوردستانەوە دەرکرا. لیف لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ئەیلوولی ڕابردوو ڕایگەیاند: ئەمریکا لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارە کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەقامگیری و ئارامی لە پەیوەندیەکان و چارەی کێشەکاندا، دوای مانگێکیش لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت کێشەکە لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە ماوەتەوە و چارەی کێشە تەکنیکییەکانیان نەکردووە، گفتوگۆ و دانوستاندنی هەردوولاش نەگەیشتووەتە ئەنجام .
لە نوێترینی هەڵوێستیشیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی جێگری گوتەبێژی وەزارەتەکە جارێکی دیکە داوای جێبەجێکردن و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانی کرد .
ڤیدنت پاتیل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەلێ پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت دەکەین لە بواری نەوتدا، ئەوەی کراوە لە ڕێککەوتنەکە بەرهەمی هەوڵی دوور و درێژە لەوبارەوە.
لە 25ی ئاداری ڕابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، ئەمەش بەهۆی بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، دادگاکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چواری نیسانی ڕابردووش هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکە، بەڵام کێشەی تەکنیکی نێوان ئەنقەرە و بەغدا وایکردووە ئەو پرسە دەست پێنەکاتەوە .
نەوتی هەرێمی کوردستان ٪٨٠ زیاتری داهات و مووچەی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنێت، کۆمپانیاکان داوا دەکەن ئەو گفتوگۆیانەی لەوبارەوە هەن بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت بە زوویی بگاتە ئەنجام .
هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق هێشتا هیچ وەڵامێکی لەوبارەوە نییە، بەڵام بەپێی گوتەی سەرچاوەکانی نزیکی حکومەتی عێراق دەڵێن دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە کێشەی تەکنیکی هەیە و هەر چەند ڕۆژێکی پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی .
ئێستا گفتوگۆی تورکیا و عێراق جگە لەوەی لەسەر هەناردەی نەوتی کوردستانە، گفتوگۆکانی هەردوولا لەسەر چۆنیەتی درێژکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەشە کە لەنێوان هەردوولا لە بواری نەوتدا هەیە و ساڵی 2025 کۆتایی دێت .