دیاردەی داربڕینەوە لە هەرێمی کوردستان هێشتایش هەر ماوە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

دیاردەی داربڕینەوە لە لایەن مافیاکانی ژینگەوە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان تاکو ئێستا بەردەوامە؛ هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم هەوڵی زۆریان داوە لە ڕیگەی چەند یاسایەکەوە ئەم دیاردەیە بنبڕ بکەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نەتوانراوە بە تەواوی ڕێگری بکرێت لەم دیادە ناشارستانییەی بەرۆکی دارستان و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی گرتووە.

دوای بەدواداچوونی تیمەکانی پۆلیسی دارستان و چالاکوانانی ژینگە دەرکەوتووە کە هۆکاری بڕینەوەی دارەکان جیاوازە؛ هەندێک کەس تەنیا بۆ بازرگانی ئەو کارە دەکەن و دەیفرۆشنەوە؛ هەندێکیش بەهۆی بێکارییەوە دەستیان داوەتە بازرگانی خەڵووز و ئێزنگ؛ بۆ بەرهەمهێنانی خەڵوز لە کانە خەڵووزەکاندا دەسووتێنن و هەندێکیشیان بەهۆی نەبوونی و بێتواناییان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی، دار و ئێزنگ وەک سووتەمەنی بۆ خۆگەرمکردنەوە بەکاردەهێنن.
ساڵانە لە ناحیەی خەلیفان هەزاران دار بۆ بەرهەمهێنانی خەڵووز دەبڕدرێنەوە و بەم هۆیەوە سروشتی ناوچەی خەلیفان لەناو دەبرێت و هەر کانێکی بەرهەمهێنانی خەڵووز، بە دەیان بنەداری بۆ دەبڕدرێتەوە و ١٥کیلۆ خەڵوز بەبڕی ١٠هەزار دینار دەفرۆشرێت.
مەغدید ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلیفان دەڵێت دۆڵی مەلەکان ٤٩ کانی خەڵووز لێ هەبوو بەڵام زۆربەیانمان تێک داوە و سەرجەم بازگەکانمان ئاگادار کردووتەوە بۆ ڕێگری لە بازگانیکردن بە خەڵووز و ١٩ دۆسیەی کانەکانی خەڵووز لە دادگایە و هەندێکیان یەکلا کراونەتەوە و هەوڵ دەدەین کانە خەڵووزەکانی ناوچەکە دابخەین بۆ ئەوەی ڕێگر بین لە وێرانکردنی ژینگەی ناوچەکە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی دارستان و پاسەوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت لەکاتی تێکدانی کانەکانی خەڵووز تەقە لە پۆلیس کراوە و هەندێک لە هاونیشتمانیان بازرگانی بەخەڵووز دەکەن و لە پۆلیسی دارستان مانگانە دوو تاوەکو سێ بریندارمان هەیە و هاونیشتمانیان بڕیارەکان وەک پێویست جێبەجێ ناکەن و داربڕین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاتێکدا هەموو جۆرە دار بڕینێک قەدەغەیە و هەر کەسێک دار بەڕووێکی تەمەن ٢٠ ساڵ ببڕێت ٤٦٠هەزار دینار سزا دەدرێت.
لە ماوەی ڕابردووشدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی دەرچوونی تیمەکانمان دەرکەوت لەچەند شوێنیکی جیا جیا زیانێکی زۆر گەیاندراوە بەچەندین دار بەڕووی تەمەن جیاواز لە سنوری گوندی (کەسنەزان)ی قەرەداغ، دەشڵێن، چوار هاووڵاتی بە تۆمەتی داربڕین دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دەستیش بەسەر تەواوی دارە بڕاوەکاندا گیراوە.
وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد ساڵی ڕابردوو ٥٣٥ کەس لەسەر داربڕین دەستگیرکراون و سزاکانیشیان بەپێی ژمارە و تەمەنی دارەکان جیاوازن.
بەگوێرەی ماددەی ٢١ لە یاسای ژمارە١٠ی ساڵی٢٠١٢ی تایبەت بە دارستان لە هەرێمی کوردستان، سزای بڕینەوەی دار لە نێوان ٣ملیۆن دینار بۆ ٥ملیۆن دینارە و هەندێکجاریش زیندانیکردنە، کە ماوەکەی لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.