مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تێکڕای کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکات.
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەبۆنەی(١ـی ئایار) جەژنی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تێکڕای کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین و، ئومێدەوارین ئەم بۆنەیە دەرفەتێک بێ بۆ گەیشتن بە سەرجەم مافە پیشەییەکانتان و باری گوزەران و بژێویی ڕۆژانەتان باشتر و شایستەتر بێت.
پێگە و ڕۆڵی کرێکاران لە ڕەوتی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەدا گرنگ و کاریگەرە وەک چینێکی بونیاتنەر و بەرهەمهێن، بۆیە جێدەستتان لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەمان دیار و بەرچاوە.
بەم بۆنەیەوە ڕۆڵی ئێوەی هێژا لە بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بەرز دەنرخێنین و پشتیوانیی خۆمان بۆ داوا ڕەواکانتان دووپات دەکەینەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران و ئاسوودە.
دووبارە (١ـی ئایار) لە سەرجەم کرێکارانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان