بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان لە شوێنی کارەکانیان لەماوەی 16 مانگی رابردوودا راگەیاند و ئامارەکانی بە “زۆر مەترسیدار” ناوبرد.
رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، لە شاری سلێمانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری 16 مانگی رابردووی ئەو کرێکارانەی راگەیاند، کە لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە.
شاباز مەحموود، بەرپرسی گۆشەی ئاماری قوربانیان لە بڵاوکرەوەی دەنگی کرێکار لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند، “ئاماری قوربانیانی شوێنی کار هێندە ترسناکە، ئەگەر بیخەینەڕوو، مرۆڤ تووشی شووک دەبێت”.
شاباز مەحموود لەوبارەوە رەخنەی لە دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان گرت و رایگەیاند: “کەناڵەکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، بە بیستراو و بینراوەوە، گرنگیان بە بابەتی گیانلەدەستدانی کرێکاران نەداوە”.
شاباز مەحموود گوتی: لە ماوەی 12 مانگی ساڵی 2022دا لە سنووری پارێزگای هەولێر 24 کرێکار؛ پارێزگای سلێمانی 21 کرێکار، پارێزگای هەڵەبجە پێنج کرێکار، پارێزگای دهۆک نۆ کرێکار، کە بە کۆی گشتی 59 کرێکار لەوماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، لە کۆی ئەو ئامارە سێ کرێکار ژن بوونە، چوار کرێکار گەنج و 21 کرێکاریش بیانی بوون. لەبارەی تەمەنی قوربانییەکانیشەوە، روونیکردەوە، تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان 17 بۆ 70 ساڵ بووە.
هاوکات ناوبراو ئاماری چوار مانگی ئەمساڵی (2023) ئاشکراکرد و گوتی: لە سنووری هەولێر پێنج کرێکار، سلێمانی شەش کرێکار، هەڵەبجە یەک کرێکار، دهۆک دوو کرێکار، ناوچەی دەرەوەی هەرێم شەش کرێکار و کۆی گشتی 20 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کرێکارانەش، شاباز مەحموود گوتی: حەوت کرێکار بەهۆی داڕمانەوە، دوو کرێکار بەهۆی کارەبا گرتنەوە، شەش کرێکار بەهۆی کەوتنە خوارەوەوە، دوو کرێکار بەهۆی سووتان، سێ کرێکاریش بەهۆی کەوتنە ژێر ئامێرەکانی کارکردنەوە بووە، کۆی گشتی ئەو کرێکارانەی لە 16 مانگی ڕابردوودا گیانلەدەستداوە 79 کرێکار بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2013 “129” کرێکار، ساڵی 2014 “54” کرێکار، ساڵی 2019 “38” کرێکار، ساڵی 2020 “31 کرێکار”، ساڵی 2021 “63” کرێکار و ساڵی 2022″ 59 “کرێکار گیانیان لەدەستداوە.