زیاتر لە ١٧هەزار مۆڵەتی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاری هەولێر دراونەتە هاووڵاتییان

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە ١٧ هەزار مۆڵەتی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاری هەولێردا لەلایەن شارەوانییەوە دراونەتە هاووڵاتییان.”

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، وردەکاری و ئاماری چوار ساڵی مۆڵەتی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاری هەولێر بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: “لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵەكانی  ٢٠١٩تا ٣١ى ١٢ى ٢٠٢٣ لە هەر سێ سێكتەری نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی، لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە زیاتر لە ١٧ هەزار مۆڵەت لە سەنتەری شاری هەولێر دراونەتە هاووڵاتییان، كە پێكهاتوون لە ١٥٩٩٦ مۆڵەتی خانوو، ١٥٤٩ مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و ١٥٨ مۆڵەتی پیشەسازی.”

ساسان عەونی ڕاشیگەیاندووە: خۆشبەختانە مۆڵەتەكان لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا لە بەرزبوونەوەدان و بەپێی ساڵ و سێكتەرەكانیش بەم جۆرە دابەش كراون:

لە ساڵی ٢٠١٩ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ٣٨٦٩ مۆڵەتی خانوو و ٤٤٦ مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و ٣٦ مۆڵەتی پیشەسازی لەلایەن شارەوانییەوە دراونەتە هاووڵاتییان، كۆی مۆڵەتەکان لەو ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە ٤٣٥١ مۆڵەت.

لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ٣٧٢٣ مۆڵەتی خانوو و ٣٣١ مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و ٢٦مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، واتە كۆی مۆڵەتەكان لەم ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە ٤٠٨٠ مۆڵەت.

لە ساڵی ٢٠٢١ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ٤١٥٦ مۆڵەتی خانوو و ٤٤٩ مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و ٣٧ مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، كۆی ئەو مۆڵەتانە لەو ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە ٤٦٤٢ مۆڵەت.

لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ٤٢٤٨ مۆڵەتی خانوو و ٣٢٣ مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و ٥٩ مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، واتە لە هەر سێ سێكتەردا ٤٦٣٠ مۆڵەت دراونەتە هاووڵاتییان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کردووە: بە گشتی لە ماوەی هەر چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا، ١٥٩٩٦ مۆڵەتی خانوو، ١٥٤٩مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و ١٥٨مۆڵەتی پیشەسازی دراونەتە هاووڵاتییان، واتە كۆی مۆڵەتەكان لەسەر ئاستی هەر سێ سێكتەرەکە بریتییە لە ١٧،٧٠٣ مۆڵەت.

ساسان عەونی، دەشڵێت: لە ساڵی ٢٠١٩وە، ژمارەی مۆڵەتەكان ساڵ لە دوای ساڵ بەرز بووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ خۆشگوزەرانی و باشبوونی بارودۆخی داراییی هاووڵاتییان و بڕوا و متمانەیان بۆ بونیاتنان و جێگیربوون و ئاوەدانکردنەوە، هەروەها ئاماژەی گرنگە بۆ بووژانەوەی شار کە ئەویش كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەكان هەبووە. 

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەڵێ: “ئەم ئەنجامە بەرهەمی ئەو سیاسەتە دروستەیە كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری و ڕێنماییە بەردەوامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتییان و بووژانەوەی شارەكان لە هەوڵی بەردەوامدا بووە. هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی بوارەكانی مۆڵەتدان و پلانسازی و نەخشەدانی ئاوەدانی لەم سێ ساڵەدا یەكێك بووە لە ئامانجە گرنگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بۆ ئەو مەبەستەش لەم ساڵانەی کارکردنیدا چەندین بەرزەفت و ڕێنمایی و ڕێكاری تایبەت بە پەرەپێدانی ئەو بوارانە دەركردووە. بۆیە پێشبینی دەكەین لە داهاتوودا بەجێبەجێکردنیان، ئەنجامەکانی باشتر دەربكەوێت و زیاتر کاریگەریی لەسەر ژینگەی بیناسازی و بووژانەوەی ئابووری و باشتركردنی ژینگەی ژیان و كار و تەندروستی و كوالێتیی بنیاتنان لە هەرێمی كوردستاندا دەربکەوێت.”