وەزیری ئەوقاف: کوردستان تەنیا موڵکی ئایین و نەتەوەیەک نییە بەڵکو موڵکی هەموومانە پێکەوە

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، کولتووری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان رەگ و ریشەیەکی قوڵی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی، لەڕووی خەباتی شۆڕشگێڕی و ئێستاش لەڕووی پەرلەمانی و حوکمڕانی، توانیومانە کوردستان بگەینینە ئەمڕۆ.

پشتیوان سادق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، باسی لەوەکرد، هەموو پێکهاتەکان شەهیدیان داوە، خەباتیان کردووە و کوردستانیش موڵکی تەنیا ئایین و نەتەوەیەک نییە، بەڵکو موڵکی هەموومانە پێکەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی کوردستان لە دەرەوە، ئەو پێکەوە ژیانە کە لێرە لە ئارادایە، گوتیشی: ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێک خوشک و برای عەرەب لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئەوە خۆی لە خۆیدا نیشانەی باوەشگەرمی و کولتووری جوانی خەڵکی کوردستانە.

پشتیوان سادق باسی لەوەشکرد، زۆرینەی مەسیحی و ئێزدییەکانی عێراق ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئەمەش دەرخەری دڵفراوانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری ئەوقاف ئەوەشی خستەڕوو، گوتاری میانڕەوی مامۆستایانی ئایینی بە تایبەتی ئایینی ئیسلام، جێگەی رێز و پیزانینە، جەختی لەوەشکردەوە، وەزارەتی ئەوقاف لە خزمەت هەموو مامۆستایانی ئایینی و پێکهاتەکانی دیکە دەبن.

سەبارەت بەو رووداوەی لەجەند رۆژی رابردوودا لە قەزای شنگال روویدابوو، وەزیری ئەوقاف گوتی: بێگوومان لە هەموو ئایینێکدا خەڵكانێک هەن سەرەڕۆیی دەکەن، بەڵام کێشەی ئایینی لە هەرێمی کوردستان نییە و نابێت و رێگەپێدراویش نییە.

پشتیوان سادق دووپاتی کردەوە، رێگەپێدراو نییە کەسێک بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە هێرش بکاتە سەر ئایینێکی دیکە و هەمووی لەکەدار بکات، گوتیشی: هەر کەسێکیش کارێکی لەوجۆرە بکات رێکاری یاسایی لەدژی دەگرینەبەر.

راشیگەیاند، حکومەت سەرکۆنەی هەر دەسترێژییەک بۆسەر شوێنە پیرۆزەکان دەکات، جا لەلایەن هەرکەسێکەوە بکرێت.

سەبارەت بە دۆخی شنگالیش ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەلای خۆیەوە رایگەیاند، رۆڵی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان لەجێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال گرنگە و پێویستە بەزوترین کات رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت.

راشیگەیاند، خەڵکی شەنگال لەبەر هەڕەشەی پەکەکە و رێکخراوە چەکدارەکانی دیکە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر روونیکردەوە، ناکرێ و نابێت، حاڵەتێک لە جێگایەک روودەدات، راستەوخۆ ئایینێکی پێ تاوانبار بکرێت.

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند، گەورەترین پێشلکارییە، کاتێک تاکێک یاساشکێنێیەک دەکات و کەناڵەکانی راگەیاندن بابەتەکە بەلاڕێدا دەبەن و بە ئاراستەیەکیدا دەبەن، کە گوایە ئەو پێکهاتەیە بێڕێزی بەرانبەر بە پێکهاتەیەکی دیکەی کۆمەڵگەکە کردووە.