کۆنگرێسی ئەمریکا جارێکی دیکە داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەکات

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بۆ جاری سێیەم لە ماوەی چەند مانگێکیدا لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا، داوا لە ئیدارەی بایدن دەکات گوشار بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پاش زیاتر لە مانگێک لە ڕاگیرانی.

میچ ماکۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە کۆمارییەکانە، لە نامەیەکدا کە لە تویتەریش بڵاوی کردووەتەوە دەڵێ: نیگەرانم لەوەی هێشتا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێنەکردووەتەوە و بەغدا نەینتوانیووە هەناردەی ئەو نەوتە دەستپێ بکاتەوە، ماکۆڵ دەڵێ: زۆر نیگەرانم لەوەی بەغدا هێشتا ڕێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نادات. وەکو ئەو دەڵێ: ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، لە بەرژەوەندی هەندێک وڵاتی دراوسێی عێراقە، لەوانە ئێران. داواش لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات، گوشارەکانی دەست پێبکات و بەردەوام بێت بۆ چارەی ئەو پرسە کە مەترسی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە.
هەرچەندە کاتی دەست پێکردنەوەی دیار نییە، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسانی عێراق، شاندێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دانوستاندندان لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەو پرسە، پێشهاتی ئەرێنیش لە نێوان هەرسێ لا” هەولێر، بەغدا، ئەنقەرە” بەدی هاتوون، ئەوە لەکاتێکدایە وەزیری نەوتی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقیی گوتووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیەنن.
ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ماوەیەکە نیگەرانی لای نوێنەرانی ئەمریکاش دروست کردووە، پێش ماوەیەک مایکڵ واڵتز، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە کۆمارییەکانە و نوێنەری فلۆریدایە ڕەخنەی لە عێراق گرت لەوبارەوە، ئەو کە سەربازی هێزی تایبەتی ئەمریکا بووە و ئێستا ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە و هەواڵگری هەروەها لیژنەی هێزە چەکدارەکانە لە تویتەر نووسیویەتی : ئیدارەی ئەمریکا پێویستە گوشار بخاتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ناردنی دۆلاری ئەمریکا بۆ عێراق و ڕێکاری تووند و سزادانی تاک و دامەزراوەی جیاواز دەبێت لەسەر مێز بێت.
واڵتز، کە هاوسەرۆکی لیژنەیەکی تایبەتی کۆنگرێسیشە، لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ کورد و کوڵتووری کوردی داوا دەکات هەرچی زووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە .هەرچەندە وەکو واڵتز دەڵێ : ئەمریکا خاوەنی هەژموونێکی باشە لە بەغدا ئەگەر بەکاری بێنێت،دەتوانێ وا بکات هەناردەکە دەست پێبکاتەوە، چونکە ئێستا کلیلی چارەی ئەو پرسە لای بەغدایە و پێویستە ئەمریکا لەوبارەوە گوشار بکات، هاوکات لە بڕیاری دادگەی پاریسیشدا هاتووە کە پێویستە بەغدا بەدوای دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا دابچێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی نەکردووە.
دواکەوتنی دەستپێکردنەوەکە وەکو میدیای جیهانی دەڵێ : شکستی عێراق لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە، ئێستا ئەوەی ماوە ڕێککەوتنە لەسەر تەکینەکانی چۆنیەتی دەستپێکردن، سەرچاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەلێن چەند خاڵێکی تەکنیکی ماون لەوبارەوە، کە بەمزووانە تەواو دەکرێن، بەپێی زانیارییەکان پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق پێویستە فەرمانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکە دەربکات، دواتریش رێکاری یاسایی و تەکنیکی لەگەڵ تورکیا تەواو دەکرێت.
هەرچەندە ئەمریکا چەند جارێک داوای دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانی کردووە، ئێستا ماویەتی ئەنجامی ئەو هەوڵانەی ئەمریکا ببینرێت لەوبارەوە، ئەگەر ئەو ئەنجامەش نەبینرێت، هەرێمی کوردستان بژاردەی دیکەی لەبەردەمە، لەسەروویانەوە بڕیارەکەی دادگەکەی پاریس بە ڕوونی باسی ئەوەی کردووە هەناردەکە لە ڕێگەی سیستەمی ITP یان پلانی تاقیکردنەوە و پشکنین، بڕیارەکە نەچووەتە سەر دەقە دەستوورییەکان، لەوانە دەسەڵاتی کام لایەنە بۆ هەناردەی نەوتەکە.