سەرباری هەبوونی یاسای پێویست کرێکاران لە کەرتی تایبەت هەست بە دڵنیایی ناکەن

سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای تایبەت بە کرێکاران، هێشتا مافەکانیان لە کوردستان پێشێل دەکرێ. نەبوونی ڕێکاری توندوتۆڵ لە جێبەجێکردنی یاسای بەردەست لە لایەک و کەم و کورتی لە یاساکانی پێوەندیدار بە مافی کرێکاران لە کەرتی تایبەت بە دووەم هۆکاری پێشێلکرانی مافیان هەژمار دەکرێ.

سبەی دووشەممە یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە و لەو ڕۆژەدا ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بە تایبەتی لە لایەن سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە تەواوی جیهان ڕێک دەخرێ و بەشێک لەو سەندیکایانە ئەمە دەکەن بە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە ژیانی کرێکاران و چاوپێداخشاندنەوەیەک بە مافەکانیان.
ئەو دۆخەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەسەر هەرێمی کوردستان و عێراقدا هات، وەک قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ماوەیەکیش دابەزینی بەهای نەوت، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر کار و ژیانی کرێکاران دانا، بەڵام دوای دەربازبوون لەو قەیرانانە هەست بەوە کراوە دوو ساڵە دۆخیان باشتر بووە. هەرچەندە هێشتا ئەو یاسایانە بە تەواوی جێبەجێ ناکرێت کە لە پێناو دابینکردنی مافی کرێکاران دەرچوون. لە لایەک خاوەن کارەکان مافەکانیان دابین ناکەن و لە لایەکی ترەوە لایەنە پێوەندیدارەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست یاسا بەردەستەکان جێبەجێ بکەن و ببنە چاودێرێکی تۆکمە بەسەر پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت.
بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم کرێکاران دەکرێ و هەر کارگە و دامەزراوەیەک لانی کەم سێ کەس کاری تێدا بکات ئەوا دەبێ دەستەبەریی کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێ و خاوەن کار دەبێ ناچار بکرێ ناوەکەیان تۆمار بکات و لەو مووچەی مانگانەی بۆیانی بڕاندووەتەوە پشکێک لە گیرفانی خاوەن کار و پشکێک لە گیرفانی کرێکار بچێتە سندووقی دەستەبەریی کۆمەڵایەتییان کە دەکرێ لە داهاتودا کرێکاران بەهۆیەوە خانەنشین بکرێن یان بەهەر هۆکارێک مافەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە. لە یاساکە ١٢%ی مووچەی مانگانە خراوەتە سەر شانی خاوەن کار و ٥% ی تری خراوەتە سەر شانی کرێکارەکە.
بۆ نموونە ئەگەر کرێکارێک مووچەکەی ٥٠٠٠٠٠ دینار بێ ئەوا مانگانە ٨٥٠٠٠ دیناری بۆ دەخرێتە سندووقی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی. بەڵام کێشە لەوە دایە ئەو یاسایە تەنیا لای بەشێک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە بەڵام لای زۆرینە جێبەجێ نەکراوە و بە دەیان هەزار کرێکار هەن کە لە دەرەوەی گرێبەست و هیچ ماف و پێوەرێکی یاسایی کار دەکەن و وەزارەتی کاریش وەک پێویست نەیتوانیوە لیژنەکانی چاودێری زیاد بکات و ببێتە هۆکارێک یاساکە لە هەموو شوێنێکی کار بە یەکسانی جێبەجێ بکرێت.
وەک ئاشکرایە یەکێک لە گرنگترین سیاسەت و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە پەرە بە کەرتی تایبەت بدات و ئەو مافانەی لە کەرتی گشتی بۆ کرێکاران و کارمەندان دابین کراوە هەمان ماف لە کەرتی تایبەتیش دابین بکرێ، بەڵام هەنگاوەکان لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوون.
یەکێک لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی وایکردووە دەرچووانی زانکۆ و ئەو خەڵکەی دێنە نێو بازاڕی کارەوە چاویان لە حکوومەت و دامەزراندن بێ بۆ هەمان هۆ دەگەڕێتەوە، کرێکاران تا ئەم ساتە لە کەرتی تایبەت لە ژیان و داهاتوویان و مافە ڕەواکانیان هەست بە گەرەنتی و دڵنیایی ناکەن. ئەگەر هەمان ئەو مافانەی کە لەکەرتی گشتی هەبن لە کەرتی تایبەتیش هەبن کاریگەری دەبێ لەسەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر تەنانەت کەرتی گشتی بەجێ بهێڵن و لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت درێژە بە کار و چالاکییەکانیان بدەن.
بەپێی ئامارێکی ساڵی رابردووی یەکێتیی نێودەوڵەتیی سەندیکاکانی کرێکاران لەبارەی پێوەرە جیهانییەکانی مافەکانی کرێکاران، هەرێمی کوردستان و عێراق لە ریزبەندی وڵاتە خراپەکانی جیهاندابوون لە پاراستنی مافی کرێکاران و باس لەوە کرابوو وەک پێویست لیژنەکان چاودێر نین بەسەر پڕۆژەکان و خاوەن کارەکان لە سایەی نەبوونی چاودێری بەشدارن لە چەوساندنەوەی کرێکاران.
لە هەرێمی کوردستان پاش ڕاپاڕین، یەكێتیی گشتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان دامەزرا لەسەر بنەمای یاسای ژمارە (٥٢)ی ساڵی ١٩٨٧ کە تایبەتە بە ڕێکخستنی کاری سەندیکاکانی کرێکاران کە لە هەشت سەندیکا پێکدێت، ئەو یەکێتییە بەرپرسیارە لە بەدواداچوونی مافی کرێکاران و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت بە هاوکاری حکوومەت پەلە بکا لەوەی کرێکارانی کەرتی تایبەت هاوشێوەی کەرتی گشتی، پارێزگاری لە مافەکانیان بکرێ، چونکە دەستەبەرکردنی مافەکە گەشەی زیاتری هەرێمی کوردستانیشی بەدواوە دەبێت.