ڕێکخراوێکی یابانی به‌ گوژمه‌ی سەد و هەشتا هه‌زار دۆلار قوتابخانه‌یه‌كی لە هەولێر بنیاد نا

به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارێزگاری هه‌ولێر، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هه‌ولێر ئاماده‌ی رێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی (مه‌عالی) بوو” كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی (ivy) ژاپۆنی له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئۆزال ستی كرایه‌وه‌.

لە ڕێوڕەسمەکەدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كونسولی گشتی ژاپۆن له‌ هه‌ولێر و قائیمقام و به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ و به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ده‌شتی هه‌ولێر و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕال و قوتابی و مامۆستایان ئاماده‌یی بوون” دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هۆڵ و ژووره‌كانی قوتابخانه‌كه‌” هێمن قادر جێگری پارێزگاری هه‌ولێر له‌ وته‌یه‌كدا ستایشی چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌ ژاپۆنیه‌كه‌ی كرد بۆ دروستكردنی قوتابخانه‌یه‌كی مۆدێرنی له‌و شێوه‌یه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر كار و پرۆژه‌ ئه‌رێنییەکانی كونسلگه‌ریی گشتی ژاپۆن له‌ هه‌ولێر كرده‌وه‌ و بونیادنانی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌شی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خه‌رمانی په‌روه‌رده‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ژماركرد” هه‌روه‌ها چه‌ند وتارێكی دیكه‌ پێشكه‌شكران” كه‌ گوزارشتیان له‌ سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد له‌وه‌ی له‌ ئه‌جیندای كابینه‌ی نۆدا قورسایی زۆر بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده‌و فێركردن ته‌رخان كراوه‌ و به‌ بایه‌خ و گرنگی زۆره‌وه‌ ته‌ماشای پرۆسه‌ی په‌روه‌رده ‌و فێركردن ده‌كرێ” هه‌روه‌ها سوپاسی رێكخراوه‌كه‌ی وڵاتی ژاپۆن كرا” كه‌ ئه‌ركی دروستكردنی قوتابخانه‌كه‌ی به‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌” به‌وه‌ش به‌شێكی زۆر له‌ قوتابیانی ئه‌و سنووره‌ لێ سوودمه‌ند ده‌بن.
شایه‌نی باسه‌ رێكخراوی (ivy) ژاپۆنی بڕی سەد و هەشتا هه‌زار دۆلاری له‌ بونیاتنان و دروستكردنی قوتابخانه‌ی (مه‌عالی) خه‌رج كردووه‌.