بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران:یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست دەکرێت

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، لەم دیدارەداباس لە هەوڵەکان دەکات بۆ بە جینۆسایدناساندن و بە نێودەوڵەتی کردنی تاوانی ئەنفال و دەشڵێت: چاکسازیی لە لیستی شەھیدان کراوە، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە بە شەھید تۆمار کراون یاسا و ڕێنماییەکان ناگرێتەوە، مووچەکانیان بڕاوە. پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت، تا لیستەکە لە مووچەی نایاسایی پاک دەکرێتەوە. دەشڵێ: مووچە و دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعش دەخرێتە سەر وەزارەتی شەھیدان و یەکەی نیشتەجێبوونیش بۆ کەسوکاری شەھیدان دروست دەکرێت.

*کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران چ سوودێکی بۆ کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوانی ناوچەکە دەبێت؟
-کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سۆران، پاداشتێک بوو بۆ ئەو ھەموو شەھید و قوربانییەی خەڵکی ئیدارەی سۆران، کردنەوەی ئەم ئاسانکاری زۆر بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئێرە دەکات، لەمەودوا لە ئیدارەی سۆران دەتوانن مامەڵەکانیان ڕایی بکەن؛ بۆیە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان سوودمەندی سەرەکین لە کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، ھەر کارێک، یان ھەر خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکرێت، وەکو بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە کە لە پارێزگاکان ھەن، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش وەکو ئەو شوێنانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

*پلان و بەرنامەتان چییە بۆ زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان؟
-دوو پلانمان لەبەر دەستە، پلانی درێژ خایەن و پلانی کورتخایەن، پلانی کورتخایەن ئەو خزمەتگوزارییە بەردەوامانەن کە تا ئێستە بەردەوامن، بۆ نموونە کە ئێستە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا پێشکەش دەکرێت، ئەوەش کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان دەگرێتەوە لەوانە کەسوکاری پلە یەک وەک کچ و کوڕ و خێزانی شەھید لێی سوودمەند دەبن، ئەرکە ماددیەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی شەھیدان و بەبێ بەرامبەر دەخوێنن. ئەوە یەکێکە لەو خزمەتگوزاریانەی کە بەردەوام ھەیە. ھەروەھا لە قوتابخانە و کۆلێژەکانیش بە ھەمان شێوە، منداڵی شەھید و ئەنفالکراوان بەبێ بەرامبەر دەخوێنن. لەڕووی تەندروستییەوە حکوومەت بڕیاری داوە لە نەخۆشخانە حکوومییەکان چارەی کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوان بێ بەرامبەر بێت، لە نەخۆشخانە ئەھلیەکانیش ٥٠% داشکاندنیان بۆ کراوە، ھەروەھا ڕۆئیای حکوومەت لە دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، زەوی و خانوو، گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، ئێستە زۆر تەئکید لەوە دەکرێتەوە کە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان دابین بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی کە تا ئێستە سوودمەند نەبوونە. ھەر دوو وەزارەتی شەھیدان و ئاوەدانکردنەوە ڕاسپێردراون کە پلانێکی گشتگیر دابنێن بۆ شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەپێی ئەو پلانە یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بکرێت. لە ڕابردوو زەویان پێدراوە، بەڵام لەوانەیە زۆر کەس توانای دروستکردنی خانوویان نەبێت، بۆیە ئێستە حکوومەت لە بڕی زەوی، یەکەی نیشتەجێبوونیان پێ دەدات. بە ھەموو حیزب و لایەنەکانەوە نزیکەی نۆ ھەزار و شەھید و ئەنفالکراو لە سنووری ئیدارەی سۆران ھەن، لەو ڕێژەیە ٧٠%ی کەسوکاری شەھیدان سوودمەند بوونە لە زەوی و خانوو. ئەوانەشی ماون، شەھیدانی شەڕی داعش و کردەوە تیرۆریستییەکانن، ئەوانیش لە خزمەتگوزاری و یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند دەبن.

*ئایا شەھیدانی شەڕی داعش مووچەکانیان خراوەتە سەر وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان؟

  • ئەو پڕۆسەیە تا ئێستەش بەردەوامە، دۆسییەکانیان تەواو بوونە، دەخرێنە سەر وەزارەتی شەھیدان، ئەوەش ھەموو بۆ ئەوەیە مووچەکانیان کەم نەکرێتەوە، ئێستە لە وەزارەتی شەھیدان ھەموو ناوەکان تۆمارکراون و ھەموو شەھیدێکیش کۆدی خۆی ھەیە، خزمەتگوزارییەکانیش وەکو بابەتی تەندروستی و پەروەردە و ھەر شتێکی دیکە لێی سوودمەندن، تەنھا پرۆسەی گواستنەوەی مووچەکانیان ماوە ئەوەش لە داھاتوویەکی نزیکدا یەکلا دەبێتەوە.

*بۆ بەجینۆناساندنی ئەنفال و بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانانە چی کراوە؟
-بابەتی بەجینۆناساندن دوو ئاستی ھەیە، ئاستی ناوخۆ و ئاستی نێودەوڵەتی، لەڕووی ناوخۆییەوە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری داوە ئەو کۆمەڵکوژیەی کراوە بەجینۆساید بناسێنرێت، وەکو کەیسی بارزانییەکان، کەیسی فەیلییەکان، کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان، پەرلەمانی عێراقیش بە ھەمان شێوە ئەو کۆمەڵکوژیانەی بە جینۆساید ناساندووە کە بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە، بەڵام تا ئێستە حکوومەتی عێراق وەکو لایەنی جێبەجێکار ئەو لێکەوتە یاسایی و دارایی و مەعنەوییەی کە لە بڕیارەکان دەرچووە، جێبەجێ نەکردووە، چونکە ھەر تاوانێک سزایەکی ھەیە، ھەر سزایەکیش سزایەکی ماددی و مەعنەوی ھەیە، سزا مەعنەوییەکە ئەوەیە تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن، سزا ماددیەکەشی ئەوەیە دەبێت قەرەبووی کەسوکاری ئەو زیانلێکەوتووانە بکرێتەوە کە بەرامبەریان کراوە؛ بەڵام تا ئێستە حکوومەتی عێراق نە بە فەرمی داوای لێبووردنی کردووە، نە قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی کردووەتەوە، لە ماوەی ڕابردوو وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان سەردانی بەغدای کرد و لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کرد، ھیوادارین سەردانەکە بەرھەمی ھەبێت و ماف و ئیمتیازاتی باشتر بۆ کەسوکار و قوربانیانی پرۆسەکانی جینۆساید، شەھیدانی کوردستان دەستەبەر بکرێت، ھەروەھا لەئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوەکان لە ھەوڵداین جینۆسایدی کورد بە فەرمی بناسێنرێت، سوودی ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ھاوسۆزیی زیاتر لەگەڵ گەلی کورد دروست دەکەن، لەوانەیە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتان ھاوکاری پێشکەش بکەن، ھەتا دەکرێت لەڕووی نێودەوڵەتییەوە فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکەن، بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارەتییەی لە ئەستۆدایە بەجێ بگەیەنێت.

*تا چەند یاسای چاکسازی لەناو وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان جێگەی خۆی کردۆتەوە؟
-لە کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان دراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو بۆشایەی کە بەھۆی ئەو قوربانی و ئەو خوێنەی کە بەخشیویانە لە پێناو خاکی کوردستان تاڕادەیەکیش بێت قەرەبوو بکرێنەوە. حکوومەتی ھەرێم بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان بکات، یاسای چاکسازی لە وەزارەتی شەھیدان جێگەی خۆی کردۆتەوە. پاکسازییەکی باش لە لیستی شەھیدان کراوە، لەوانەیە کەسانێک ھەبن نەکەونە چوارچێوەی ئەو پێناسەیەی کە بۆ شەھید کراوە، پاکسازی لە لیستی شەھیدان دەکرێت، خەریکە بابەتی دوو مووچەی چارە دەکرێت، پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت تا لیستەکە لە مووچەی نایاسایی پاک دەکرێتەوە ئێمەش لای خۆمانەوە بە گرنگییەوە دەڕوانینە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم.