چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دوو بنکەی دیکەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکرێنەوە

ئەمڕۆ هەینی 28ـی 04ـی 2023 کەمال موسلم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵەی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ سەردانی شاری کۆیەیان کرد بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنم لەبنکەی کۆیە،

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایگەیاند: شاندەکە سەردانی بنکەی وەرگرتنی گەنمی ئەو شارەیان کرد کە چەند ساڵێکە بەهۆی هەندێ بارودۆخەوە گەنمی لێ وەرنەگیراوە و سەرجەم شوێنەکانی وەرگرتن و کۆگاکردنیان بەسەرکردەوە و پێداویستییەکانی ئەو بنکەیان تۆمار کرد.

ڕاشیگەیاند: بڕیارە لەگەڵ لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لەهەولێر گفتوگۆی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر توانرا ئەو پێداویستیانە دابین بکرێت و گەنم لەو بنکەیە بۆ ئەم ساڵ وەربگیرێت.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەر ئەمڕۆ شاندێکی دیکەی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵەی بەغدا و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی سەردانی شارۆچکەی هەریریان کرد بۆ هەمان مەبەستی وەرگرتنی گەنم لەو بنکەیە کە بڕیارە شاندەکە ڕاپۆرتی خۆی بنوسێت و ئاراستەی لیژنەی باڵای بکات بۆ ئەوەی ئەگەر توانرا ئەو پێداویستیانەی کە هەیە جێ بەجێ بکرێت بتوانرێت گەنم لەو بنکەیەش وەربگیرێت.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەش داوە کە “بڕیارە بۆ ئەمساڵ بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک گەنم لە جوتیاران وەربگیرێت