بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییان: هەندێک کەسی “تێکدەر” دەیانەوێت درز بخەنە ئەو دیوارەی کوردستان بونیاتی ناوە

 

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر مزگەوتێکی موسڵمانان لە شنگال دەکات و دەڵێت: هەندێک کەسی تێکدەر هەن دەیانەوێت درز بخەنە ئەو دیوارەی کوردستان بونیاتی ناوە، بەڵام خەڵکی ئێمە ئاگاداری پلانەکانی دوژمنەکانمانن.

رۆژی پێنجشەممە 27ـی نیسانی 2023، دوای گەڕانەوەی نزیکەی 25 خێزانی عەرەبی سوننە بۆ قەزای شنگال، ژمارەیەک لە دانیشتووانی قەزاکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەیان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە رەتکردەوە و بە هۆکاری ئەوەی “ئەو خێزانە عەرەبانە لە رابردوودا هاوکاری چەکدارانی داعشیان کردووە لە کاتی داگیرکردنی شنگال”. دواتر ژمارەیەک کەس هێرشیانکردە سەر حەرەمی مزگەوتی (الرحمن)ـی موسڵمانان و رووداوەکە کاردانەوەی تووندی نەرێنی لێکەوتەوە. 

رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن) لە شنگال کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئێزیدییان، هەر جۆرە سووکایەتییەک بە هەر ئایینەک سەرکۆنە و شەرمزار دەکەین”.

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییان هۆکاری دروستبوونی هەر “جۆرە کارێکی تێکدەرانە” لەو ناوچەیە بۆ “نەبوونی ئارامی و بوونی هێزە چەکدارە نایاساییەکان” لە شنگال گەڕاندووەتەوە، کە وەکو ئاماژەی پێکراوە، “هەموو لایەنەکانی ژیانی ئاڵۆزکردوون، ئەمەش بەهۆی سیاسەتە نادروستەکەی حکومەتی عێراقەوەیە”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەندێک کەسی تێکدەر هەن دەیانەوێت درز بخەنە ئەو دیوارەی کوردستان بونیاتی ناوە بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بە مافە رەسەنەکانیان شاد ببن و ئێمە لەو بڕوایەداین، خەڵکی ئێمە ئاگاداری پلانەکانی دوژمنەکانمانن.”

لە راگەیەندراوەکەدا داواش کراوە، “هەر کەسێک ببێتە هۆکاری لاوازکردن و تێکدانی رەوشی ئارامی هەرێمی کوردستان، بگاتە سزای خۆی و رێکاری یاسایی لەگەڵ بگیرێتەبەر.”

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییان پاڵپشتیی خۆی بۆ “خۆپیشاندانی ئاشتییانە” دووپاتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، “بێرێزیکردن بە هەر پیرۆزییەک، کاری تاکی ئێزیدی نییە، بۆیە ئێزیدییەکان ئەو جۆرە کارانە ناکەن و هێرشەکەیان ئەنجامنەداوە”.

ئەوەش خراوەتەڕوو: “چەندین ساڵە دوای نەمانی داعش؛ سەرجەم شوێنە پیرۆز و ئایینەکانی سنووری شنگال، لەلایەن ئێزیدییەکانەوە پارێزراون.”

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییان پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ “دۆخی ئاڵۆزی شنگال”، “جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالە؛ کە لە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا واژوو کراوە”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، “پێمانوایە بڵاوکردنەوەی هەر پۆستێک لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبارەی بابەتەکەوە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو ئارامی و  پێکەوەژیانەی لە ناوچەکە هەیە و بە تووندی شەرمزاری دەکەین.”

هەر ئەمڕۆ هەینی، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان، بە توندی ئەو هێرشەی کرایە سەر مزگەوتی “رەحمان” لە قەزای شنگال رەتکردەوە، کە ئەو رووداوە لە ئەنجامی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە دژی گەڕانەوەی ژمارەیەک لە خێزانی عەرەبە سوننەکان بۆ ناوچەکە کەوتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا میری ئێزدییان ئاماژەی بەوەکردووە، “رەتکردنەوەی توندی خۆمان بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان و سووتاندنی لە شنگال رادەگەیەنین، هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان لە رەوشتی ئێمەی ئێزدیدا نییە”.

هاوکات  یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا “بە تووندی” سەرکۆنەی رووداوەکەی شنگالی کرد و گوتی: ئیدانەی ئەو جۆرە هێرش و سوکایەتی و کارە تێکدەرانەیە دەکەین، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سوکایەتی پێ بکات، پێویستە ئیدارەی خۆجێی شنگال و لایەنە پەیوەندارەکان بەزوویی رێکكاری یاسایی بگرنە بەر و کەسانی گێرە شێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە سزا بدات و رێگە نەدات ئاشوب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێ و دواجار سەقامگیری ناوچەکە بکەوێتە مەترسی.