بنەماڵەی شەرمین عەلی: بەداخەوە ئەو جۆرە مامەڵەیە لە هیچ یاسا و رێسایەكدا نییە

بنەماڵەی شەرمین عەلی، هاوسەری ئارام سایەخان، بەرپرسی پێشووی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەرزی پەروێزخان رایانگەیاند، بە تۆمەتی ناڕەوا و نادروست زاوا و کچەکەیان لەلایەن هێزێکی چەکداری دەمامکدارەوە رفێنراون.

رۆژی 26ـی نیسان، هێزێکی ئەمنی سەر بە ئاسایشی سلێمانی دەچنە سەر ماڵی بەرپرسی پێشووی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەرزی پەروێزخان و خۆی و خێزانەکەی دەستگیردەکەن.

لەوبارەیەوە، بنەماڵەی شەرمین عەلی روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “تا ئێستا هیچ لایەنێکی سنووری گەرمیان روونکردنەوەی بە ئێمە نەداوە و خۆیانی لێی بێ بەری کردووە، داواکارین بەزوترین کات بێنە سەرخەت و لەم کەیسە بێدەنگی هەڵنەبژێرن، تا نەهاتووینەتە دەنگ”.

لە روونکردنەوەکەدا باس لەوە دەکەن: باوکی شەرمین عەلی پێشمەرگەیەکی کۆنە و خەبات و خزمەتێکی زۆری بۆ ئەم وڵاتە و یەکێتی نیشتیمانی کردووە و نیگەرانە لەوەی بەشێوەیەکی زۆر ناشرین و هەڵکوتانە سەر ماڵی ئارام سایەخان کە دەکاتە زاوای و شەرمینی کچی.

ئەوان دەڵێن: بەداخەوە ئەو جۆرە مامەڵەیە لە هیچ یاسا و رێسایەكدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین کە هەردووکیان بە دەست و قاچ بەستراوی براون، بۆیە زۆر دڵگرانین لە ئاسایشی کەلار و ئیدارەی ئەم شارە کە هیچ ڕوونکردەوە و لێدوانێکیان بۆ ئێمە و ڕای گشتی نەداوە

بنەماڵەی شەرمین عەلی راشیانگەیاند، بەوپەڕی تەحەداوە هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.