راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەستکاریکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەردەکرێت.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممە 27-04-2023 رایگەیاند، “دەستکاریکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق فیدراڵییە و بە دڵنیاییەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.”
ئەو راوێژکارەی دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، “بابەتی دەستکاریکردنی خشتەی مووچەی فەرمانبەران، کارێکی گەورەیە و ئاسان نییە. لە خشتەی ئێستای مووچەی فەرمانبەراندا، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچەی فەرمانبەراندا هەیە، هەندێکیان مووچەیان کەم و هەندێکیان زۆرە.”
د. مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، مووچەی فەرمانبەرانی بچووک و خانەنشینان لەگەڵ ئاستی گوزەرانی ئێستا ناگونجێت، نرخی کاڵا و شتوومەک بەرز بووەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارە پرۆژەیەک پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
