پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند، كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان لە دوو هاووڵاتی كردبوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، لە دوو چالاكی جیادا و لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی كەسییان لە دوو هاوڵاتی كردبوو.

ئاماژە بەوەشدرا، دوو هاووڵاتی لەسەر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی کەسی، سکاڵا لەسەر دوو کەس تۆمار دەکەن.

پۆلیسی سلێمانی دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی رزگاری لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و سەرەنجام توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 کاتژمێردا و لە دوو چالاكی جیادا تۆمەتبارەكان بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن .

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، (ب،ع،خ)  و (س،أ،ع)   بە بڕیاری داوەر و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.