لە ڕۆژانی جەژندا زیاتر لە شەست و سێ هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە

نووسینگەی پاریزگاری هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە پلان و ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆژانی جەژن، لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکە بە باشی جێبەجێ کراون، هەروەها ئاماری گشتیی ژمارەی هاتنی گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی لە سنووری پاریزگای هەولێر بڵاو کردووەتەوە:

یەکەم/ گەشتوگوزار
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێ کران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاراندا بۆ ئەوەی بۆ چارەکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك، ھاوکار بن. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکاندا. ئەمە جگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ڕیستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بوون لە ٦٣٥٩٢ گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

سێیەم/ پۆلیس
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکان، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەم شێوە بوو، (24) تاوان تۆمار کراون، (20) تاوان ئاشکرا کراون، (4) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دان.

چوارەم/ هاتووچۆ
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (4) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و بە هۆیەوە (3) کەس برینداربون و بە داخەوە (1) کەسیش مرد.

پێنجەم/ بەرگری شارستانی
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتیی بەرگری شارستانیی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (7) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵ کراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتۆتەوە.