سەفەر ئەوبەری، وتەبێژی جوڵانەوەی داهاتووی گەل:ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە

سەفەر ئەوبەری، ئەندامی چڤات‌ و دەستەی دامەزرێنەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و وتەبێژی ئێستەی ڕەوتی داهاتوی گەل، كە جوڵانەوەیەكی ناڕازییە، دەڵێت: ڕێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت لەبەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. دەشڵێت: ئەم ڕێكکەوتنە هەرێمی كوردستان لە هەڵئاوسانی ئابوری دەپارێزێت.

  • بۆچی کار و چالاکییەکانتان لەناوچەیەکی دیاریکراودایە؟
  • بەهۆی بارودۆخی تایبەتی دەڤەری سلێمانی وەك هەریەك لەحزبەكانی دەسەڵات‌ و ئۆپۆزسیۆن ئێمەش بەباشمان زانیوە بەهێمنی نەرمی ‌و نهێنی كار و چالاكی جوڵانەوەكەمان بكەین، چونكە بارودۆخەكە ئێستە وەها دەخوازێت.
  • لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا چۆن بەشدار دەبن؟
  • زۆر بەباشی خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كردووە زۆر بەدڵنیاییەوە لیستمان دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە.
  • هەڵوێستی ئێوە سەبارەت بە دواکەوتنی هەڵبژاردن چییە؟
  • ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنداین لە کاتی دیاریكراوی خۆیدا، بۆ ئەو كاتەشی دیاری كراوە بۆ هەڵبژاردن بۆ ئەمجارە لەسەر خەتین لەگەڵ كونسوڵی وڵاتان و نەتەوە یەكگرتوەكان تا هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت.
  • چۆن دەڕواننە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر مەسەلەی نەوت؟
  • بەدڵنیاییەوە ڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە ڕووی ئابورییەوە سوودی بۆ هاووڵاتیان و مووچەخۆران دەبێت . سندوقی خەزێنەی دەوڵەتی عێراق كە هەرێم هاوپشكی دەبێت لە هەرێم پارێزراو دەبێت لە هەڵئاوسانی ئابووری.
  • هۆی ناتەبایی ئێستەی نێوماڵی کورد چییە؟
  • هۆی ناتەبایی نێو ماڵی كورد لایەنێكە بەدیاری كراوی كە هەموومان دەزانین لەسەر پۆست ‌و پارەیە و لەسەر بەرژوەندیی نەتەوەیی ‌و هاووڵاتیان نییە ئەمەش زیانی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. بەداخەوە ئەمەش مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە درێژكراوەی مێژووی میرنشینەكانی كوردە لەڕابردوودا.
  • ئەمڕۆ پێگەی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
  • هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و بەپێچەوانەی هەموو ئەو دەنگە نەشازانەی جاروبار باس لە هەڵوەشانەوەی دەکەن، ئێمە پێمانوایە هەڵوەشانەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەدەسەڵاتی حکوومەتی عێراقیشدا نییە.