بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق گوتی، جێگیرنەبوونی نرخی دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی گرتوویەتییە بەر، تەواو نەبوون، بۆیە ڕێکارەکان تەواو بن ئەوکات نرخی دۆلار جێگیر دەبێت لە 100 دۆلار بە 135 هەزار دینار.
بریکاری پێشووی وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراق، دکتۆر فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”دۆلار نرخی بەرزە و نرخی دینار دابەزیوە، ئێستا بانکی ناوەندی کۆمەڵێک ڕێکاری گرتووەتە بەر، بەڵام ئەو ڕێکارانە کاتیان پێویستە و بە ڕۆژ و شەوێک نرخی دۆلار دانابەزێت و پێویستی بە چەند مانگە، کە باس لەوە دەکرا لە چەند ڕۆژێک دادەبەزێت، بۆیە ئەوە پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە. جگە لەوەش، لایەنی دەروونیی خەڵک تێک دراوە و وا لە خەڵک کراوە متمانەیان بە دیناری خۆیان نەبێت، بۆیە ئەوە لایەنی دەروونی، ئەوەی دیکە لایەنی ڕێکارە، بەڵام کاتی پێویستە، بۆیە نرخی دۆلار دێتە خوارێ بۆ نزیکەی 100 دۆلار بۆ 135 هەزار دینار.”
دکتۆر فازڵ نەبی گوتیشی: ”نزیکەی سێ مانگی دیکەمان پێویستە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار جێگیر بێت لەو ڕێژەی بۆی دیاری دەکرێت، چونکە تا ڕێکارەکان تەواو نەبن نرخەکە بەو شێوەیە بەرزی و نزمیی دەبێت و جێگیربوونی هەندێک زەحمەتە، بەڵام کە ڕێکارەکان تەواو بوون، جێگیر دەبێت.”