له‌ ٤ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین پڕۆژه‌ له‌ سێكته‌ری كاره‌با جێبه‌جێ كراوه‌

چواس خالید – هەولێر

وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، لەماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین پڕۆژه‌ی تایبه‌ت له‌ سێكته‌ری كاره‌با جێبه‌جێ كراوه‌ و ئامانجیانه‌ له‌ ئاینده‌دا كاته‌كانی پێدانی كاره‌با به‌ هاوبه‌شانیان بكه‌نه‌ ٢٤ كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ‘پریپه‌ید’ گیراوه‌ته‌ به‌ر.

ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا زۆرترین ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ سێكته‌ری كاره‌با ئه‌نجامدراون، بریتی بووه‌ له‌ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان، گواستنه‌وه‌ و دابه‌شكردن.
وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌، چه‌ندین پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی كاره‌با به‌ ‘وزه‌ی پاك’ به‌ سه‌ركه‌وتوویی جێبەجێ کراون.
باس له‌وه‌ ده‌كات، بۆ یه‌كه‌مین جار توانراوه‌ سود له‌ گازی به‌فیڕۆچووی كێڵگه‌ی نه‌وتی گه‌رمیان وه‌ربگیرێت و كاره‌بای لێ به‌رهه‌م بهێندرێت، له‌ ڕێگه‌ی پێوه‌ری زیره‌كیشه‌وه‌ هاوبه‌شانی كاره‌با زیاتر بووه‌ و سه‌رپێچییه‌كانی سه‌ر هێڵه‌كانی كاره‌باش كه‌م كراونه‌ته‌وه‌.
هه‌ر له‌و ماوەیەدا، ژینگه‌ پارێزی گازی خه‌بات له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر كه‌وتووه‌ته‌ كار و له‌ ئێستادا كاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی كاره‌با ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات، له‌ سۆنگه‌ی بایه‌خدانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سێكته‌ری كاره‌با، ئامانجیانه‌ له‌ ئاینده‌دا كاته‌كانی پێدانی كاره‌با بگاتە ئاستی تەواو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ‘پریپه‌ید’ گیراوه‌ته‌به‌ر، بۆ دابینكردنی كاره‌بایه‌كی ٢٤ سەعاتی.
به‌شێك له‌ پلانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دابینكردنی كاره‌بای به‌رده‌وامی نیشتمانییه‌ و گه‌یاندنیه‌تی بۆ هه‌موو دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا و له‌ نزیكترین كاتدا، به‌ گوژمه‌ی حه‌فتا و هه‌شت ملیۆن دیناری عێراقی، له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كاره‌بای كه‌لار، كاره‌بای نیشتمانی ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ سنووری ناحیه‌ی پێباز له‌ قه‌زای كه‌لار، پێشتریش به‌ تێچووی پێنج سه‌د و شه‌ست ملیۆن دیناری عێراقی، كاره‌بای نیشتمانی بۆ پێنج گوندی سنووری ناحیه‌ی ڕزگاری هه‌ر له‌ قه‌زای كه‌لار گه‌یاندووه‌.
هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری كۆنتڕۆڵی كاره‌بای هه‌رێم له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا ئاشكرای ده‌كات، له‌گه‌ڵ سیانه‌كردنی به‌شێك له‌ وێستگه‌كان و ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كانی كاره‌با، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با زیاد ده‌بێت و له‌ وه‌رزی هاوین گرفتی كه‌می كاره‌با دروست نابێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ژێرخانی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان، توانای به‌رهه‌مهێنانی زیادتر له‌ حه‌وت هه‌زار مێگاوات كاره‌بای هه‌یه‌، كه‌ ئێستا ته‌نیا سه‌رووی نیوه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ خواستی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌رزه‌كانی هاوین و زستان، كه‌ بۆ خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ و فێنككردنه‌وه‌ به‌كاری ده‌هێنن، سه‌رووی حه‌وت هه‌زار و ٥٠٠ مێگاواته‌.
پێشتر به‌رله‌وه‌ی ئامێره‌كانی گه‌رمكردنه‌وه‌ و فێنككه‌ره‌وه‌ هێنده‌ به‌ربڵاو بێت، كاره‌بای هه‌موو كوردستان له‌ هه‌ردوو به‌نداوه‌كانی دووكان و ده‌ربه‌ندیخان به‌ نزیكه‌ی ٣٥٠ مێگاوات دابین ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و دوو به‌نداوه‌ نه‌ك هه‌ر به‌شی هاووبه‌شانی كاره‌با ناكات، به‌ڵكو ١٠%ی خواستی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان پڕناكه‌نه‌وه‌.