تا مانگی ئازاری ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردبوو، گەشتیاران لەگەڵ دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی کوردستان وێنەی یادگاریان دەگرت. دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستانیش، دەڵێت: لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و ٢٥٪ی ئەو ژمارەیەش بیانی بوون، بەھۆی ئەو ئارامی و سەقامگیرەی کوردستان و سرووشتە دڵڕفێن و شوێنە گەشتیارییەکان، ساڵ بە ساڵ ڕێژەی گەشتیاران زیاتر دەبێت.

زۆربەی ئەو گەشتیارانە، لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون، جوانیی شوێنە گەشتیارییەکان سەرنجی ئەوانی ڕاکێشا بوو، ئەوەش وای کردبوو ھەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بڕەخسێت و چێشتخانە و ھۆتێڵەکان پڕبن لە گەشتیاران، باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا وای کردووە کە ڕۆژبەڕۆژ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار ئەوە دەخاتەڕوو، لە ھەرێمی کوردستان ٣١٠٠ شوێن ھەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن، بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، ١٠٧٥ شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە ٦٢٥ ھۆتێل، ٣٧٠ مۆتێل، ٨٠ گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی ٨٠٠ ڕێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان.
بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابوردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی عێراقەوە ھاتبوون.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێ: بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران، لە بازگەکان لیژنە دانرابوون، ڕێنوێنییان پێشکەش دەکرد، بۆیە توانیومان بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەین.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، ڕایگەیاند: بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە کراوە، ھاتنی گەشتیاران بەردەوامە و ئاماژەکان دڵخۆشکەرن بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتر لە گەشتیاران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ھەوڵ دەدەین بە بەردەوامی لە ھەرێمی کوردستان چالاکیی گەشتیاریی ھەبێت بۆ ئەوەی خەرجیی گەشتیاران لە ڕێگەی زۆرتر مانەوەیان زیاد بکرێت، بۆ ئەوەش نابێ چاوەڕێی جەژنەکان بکەین و دەبێ بە درێژایی ساڵ چالاکیی جۆراوجۆرمان ھەبێت.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتیشی: ئەمساڵ لە ھەولێر، سلێمانی و بەغدا چەند دیدارێکمان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئێران و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کردووە و گفتوگۆی ئاستەنگ و کەموکورتییەکانیان کردووە، بۆ ئەم جەژنە ھەموو ئەو کەموکورتییانە چارە کران.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ساڵی ڕابوردوو، ٢٥٪ـی گەشتیارەکانی ھەرێمی کوردستان بیانی بوون و لە دەرەوەی عێراقەوە ھاتبوون، چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ ڕێژەی ھاتنی گەشتیارانی بیانی زیاتر بێت.
بەگوتەی ئەمەل جەلال، لە ٣ مانگی یەکەمی ٢٠٢٣ زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری نێوخۆیی و دەرەوە سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.
ئەمەل جەلال، گوتیشی: خواست لەسەر ھاتنی گەشتیاری بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و بەشێک لە گەشتیارانی وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی ئاسیا وەکو چین و تایوان بەھۆی سرووشتی جوانی کوردستانەوە ئارەزوو دەکەن سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لەبارەی ئاشناکردنی گەشتیاران بە مێژووی کورد دەڵێ: پێویستە گەشتیاران لەگەڵ مێژووی کورد ئاشنا بکرێن.
ئەمەل جەلال، لەبارەی دامەزراندنی ڕێبەری گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان گوتی: زیاتر لە ٣٥٠٠ گەنج فۆڕمیان بۆ ڕێبەری گەشتیاری پڕکردووەتەوە، دوای جەژن پێداچوونەوە بە فۆڕمەکاندا دەکەین و بەشێکیان دەستبەکار دەبن.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشتیارانی ئەمساڵ زیاتر بێت لەچاو ساڵانی پێشوو، بۆ ئەمساڵ کارئاسانی تەواو بۆ گەشتیاران کراوە بۆ ئاسان گەیشتنیان بە شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی ڕێبەری گەشتیاری دەبێت کە دەستەی گەشتوگوزار دیاری دەکات.