سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆکان دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد، بەھۆی بارانی ئەمساڵەوە بەرھەمی گەنم زیاد دەبێت و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم ڕادەستی سایلۆکان بکرێت و ڕێژەیەکی زۆریش ڕادەست نەکرێت.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ساڵی ڕابردوو بەھۆی وشکەساڵییەوە لە ھەندێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان ٦٠%ی بەرھەمی گەنم لەناو چوو، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی بارانی زۆرەوە بەرھەم بەرەو ھەڵکشانە و زۆر زیاتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو، عێراقیش پێشبینیی کردووە بەرھەمی ئەمساڵ بگاتە سێ ملیۆن  و ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم.”

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: “ئێمە پێشبینی دەکەین لەگەڵ کردنەوەی دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنم لەلایەن جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی سایلۆکان بکرێت.”

د. زێدا محەمەد ڕوونی کردەوە: “ئەمساڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم باشتر دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو، لەبەر ئەوەی نرخی وەرگرتنی لەلایەن حکوومەتەوە باشە و ھەموو گەنمێکیش بە پلە یەک وەردەگیرێت، بەڵام پێشبینی دەکەین ڕێژەیەکی زۆری گەنم ڕادەستی سایلۆکان نەکرێت، بەگشتی ڕەوشی بەرھەمی گەنم زۆر باشترە لە ساڵی رابردوو، بارانی ئەمساڵ کاریگەریی ھەبووە.