ئەمشەو یەكشەممە 23/4/2023، لە ناحییەی سلێمانبەگی سەر بە قەزای خورماتوو، بەهۆی پێكدادانێكی هاتوچۆ، سێ كەس گیانیان لەدەست دا و هەشت كەسی تریش بریندار بوون.
عەمید مەهدی حەسەن، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی ناحییەی سلێمانبەگی سەر بە قەزای خورماتوو، ڕاگەیاند: “ئەو پێكدادانەی هاتوچۆ لە نزیك گوندی بیرزەهەب، لەسەر ڕێگەی سەرەكی نێوان خورماتوو و بەغدا ڕوویداوە كە پێكدادانێكی توندی هاتوچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی سایبا و ئەلەنتەرا و برادۆ، ڕوویدا”.
گوتیشی: “هەر لە شوێنی ڕووداوەكە سێ كەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەك كەسی تریش برینداربوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە”.
بەپێی زانیارییەكانی جگە لە گیان لەدەستدانی ئەو سێ كەسە، هەشت كەسی تر بریندار بوونە و ئەو شوێنەی كە ڕووداوەكە لێی ڕوویداوە یەك سایدە و سایدەكەی تر بۆ هاتوچۆ بە كارناهێنرێت، بەهۆی ئەوەی ئامادەكراوە بۆ چاككردن و قیرتاوكردنەوە.