سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەڵێت، نیگەراییەکانیان لەبارەی هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی سەر ناوچە کوردستانییەکانیان گەیاندووەتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق و پێیوایە باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتی ئەو کێش و گرفتانە، جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوورە.
رۆژی یەکشەممە 23ـی نیسانی 2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی ژمارەیەک عەرەبی هاوردە بۆ سەر گوندنشینە کوردەکانی پەلکانە کرد و رایگەیاند، لە چەند رێگەیەکی جیاوازەوە نیگەرانییەکانیان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و پێیان راگەیاندوون، “هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بن، برایەتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەکەوێتە مەترسییەوە”.
سەرەتای پەلاماردانی گوندنشینە کوردەکانی پەلکانە بۆ رۆژی یەکەمی جەژنی رەمەزان (هەینی 21ـی نیسانی 2023) دەگەڕێتەوە. هێمن دەڵۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، زیاتر لە 400 کەس لە عەرەبی هاوردە لە گوندی پەلکانە بە دار و بەرد، رووبەڕووی هاووڵاتییانی کورد بوونەتەوە و زیاتر لە 10 هاووڵاتی کوردی گوندەکەیان بریندار کرد.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، دوور لە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان هێرشکرایە سەر گوندنیشان و هاووڵاتییانی کوردی گوندی پەلکانە، “ئەمە شتێکی زۆر نامۆیە بۆ برایەتی و پێکەوە ژیانی نێوانمان. پێشتر رووینەداوە، لەجیاتی جەژنە پیرۆزە و گەردەن ئازاکردن، هەڕەشکردن، چاو سوورکردنەوە و هێرشکردنە سەر کورد رووبدات”.
دوێنێ شەممە 22ـی نیسانی 2023، نووری حهمه عهلی، بهرپرسی میحوهری كهركووك – پردێی هێزهكانی پێشمهرگه لەبارەی هێرشەکانی سەر گوندی پەلکانە به كوردستان24ـی راگهیاند، سهرجهم هێزهكانیان خستووهته حاڵهتی ئامادهباشییهوه و چاودێری دۆخی گوندەکە دەکەن.
بە گوتەی فەهمی بورهان، چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکان، “تەنها بە جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور دەبێت و پێویستە دەستوور بکرێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان”.
وەکو ئەوەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەڵێت، “ناکرێت ئێمە لە عێراقی نوێدا کار بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش بکەین. ئەم بڕیارانە ئاشتی و تەبایی نێوانمان (پێکهاتەکان) و ئەو متمانەی بەیەکدیمان هەیە، هەڵدەوەشێنێتەوە”.
لەبارەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای کەرکووک بۆ رێگەگرتن لەو هێرشانە، فەهمی بورهان ئەوەی خستەڕوو، “هەندێک جار هەستدەکەین لە ئاستی ‘ئیداری’ لە شاری کەرکووک پشتیوانی لەم جۆرە کارانە (هێرشکردنە سەر ناوچە کوردستانییەکان) دەکرێت و نازانین چ نیەتێکیان لە پشتەوە هەیە”.
رۆژی هەینی، 21ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی گوندی پەلکانە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێرشەکەی سەر گوندی پەلکانەی رۆژئاوای کەرکووک، “هەوڵێکی نەزۆکە بو تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەریی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری.”
فەهمی بورهان گوتی: “هەموومان ئومێدێکی گەورەمان لەسەر کابینەی محەممەد شیاع سوودانی هەڵچنیوە و کارنامەیەکی کوردی هاوبەشمان لەگەڵ ئەم کابینەیە هەیە و چەندین جار پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم حکومەتە دووپاتکردووەتەوە، بەو ئومێدەیەی بتوانێت ئەرکە دەستووری و دیموکراسییەکانی بەرامبەر بە هەموو گەلانی عێراق بێ جیاوازی جێبەجێبکات.”
ئەو، بە جەختکردنەوە لەوەی هەموو رێکارێکی یاسایی و دەستووری دەگرنەبەر بۆ دەستبەرکردنی مافەکانی کوردانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، گوتیشی، “نە عێراق و نە کوردستانیش بەرگەی ململانێی لەمە زیاتر ناگرن و دوخێک دروست دەبێت بێجگە لە تیرۆرستان و ئەو خەڵکانەی دژی ئەم ئازادی و پێکەوەژیانەی هەیە، کەسی دیکە سوودمەند نابێت”.
هاوکات رۆژی شەممە 22ـی نیسانی، رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە کوردستان راگەیاند، “دەستێکی تێکدەر” هەیە، ئەو بارودۆخە و کەشە ئەرێنییەی ئێستای نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەدڵ نییە و دەیەوێت بکاتە دەستکەوتێک بۆ هەڵبژاردنەکانی ئاییندە “کە نزیکبووەتەوە و هەموو لایەنەکان هەوڵی بۆ دەدەن”. گوتیشی، “دژایەتی کورد یەکێکە لەو پروپاگەندانەی نەیارانی کورد لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی دەنگێکی زیاتر بەدەستبهێنن”.
رێبوار تاڵەبانی پێیوایە بەردەوامی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی گوندی پەلکانە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، “درێژەپێدەری ئەو پڕۆسەی تەعریبکردنەیە، کە لە ساڵی 2020 لە سەردەمی کابینەی عەبادی دەستیپێکردووە” و، مەبەست لەو هێرشانەش “زەوتکردنی” ناسنامە کوردستانییەکەی ئەو ناوچانە و “سەپاندنی هەژموونی خۆیانە، کە بەردەوام بە ‘شێوەی تەعریب’ باسی لێوەدەکەن و شەرمیشی لێ ناکەن”.
راوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێیوایە لەجیاتی ئەوەی “سوڵح لەنێوان سوودانییەکان بکات”، با نێوان ‘کوردە ڕەسەنەکان’ و عەرەبە هاوردەکانی ئەو ناوچانە ئاشت بکاتەوە، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک و کۆتایی بە کێشەکان بهێڵدرێت.