ڕاگەیەنراوی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەبارەی هێرشکردنەسەر گوندی پەلکانە

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە دۆخی گوندی پەلکانە بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت، ئەم پەلاماردانەی عەرەبی هاوردە و داگیرکردنی گوندەکان دادگە و دادپەروەری عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە.

لە ڕاگەیەنراوێک دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند: بەداخەوە ئەمە چەندینجارە لە ناوچەی سەرگەڕان و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی پەلکانەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بەردەرگا لە دانیشتووانی کوردی ناوچەکە دەگیرێت و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لە بری جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازادی و دابەشکردنی شیرینی، عەرەبی هاوردە دەکەونە وێزەی دانیشتووانی کوردی ناوچەکە و خۆشی جەژن دەگۆڕن بۆ پشێوی و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە و پەلاماردانی کوردی خاوەن زەوی و زار و کێڵگە و زەرعاتی ناوچەکە.

ڕاشیگەیاند: بەداخەوە ئەم پەلاماردانە و داگیرکردنی گوندەکان و خاپوورکردنیان لە سایەی  حکوومەتەکانی دوای ڕووخانی سەدامیش بەردەوامە و ڕوو دەدات، ئەمەش دادگە و دادپەروەری عێراقی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە، ئێمە لە کاتێکدا سەرکۆنە و نیگەرانی قوڵی خۆمان ڕادەگەیەنین، چاوەڕێین لە کابینەکەی (محەممەد شیاع سودانی) سنوورێک بۆ ئەم جۆرە دژایەتیانە دابنرێت و دووبارە و سەدبارە نەبنەوە وەک ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “داوا دەکەین دەستوور و یاسا بەرکارە نوێیەکان ببنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە پەلامار و هەڕەشەی چەکداری نە برینەکان ساڕێژ دەکات و نە هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانەش بەم کردەوانە بێدەنگ دەبن.”

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دڵنیایی لە ئارامی ناوچەکە دەدات و ئاماژەی بەوە داوە کە “بە هەوڵی دڵسۆزان ئێستا بارودۆخی ناوچەکە ئارامە، بەڵام پێمانوایە ماددەی 140 بنەما گشتییەکەی چارەسەربوونی یەکجاری کێشەکانە لەمبارەیەوە ڕوو دەکەینە سەرۆکایەتی کۆمار، وەزیر و فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغداد، توانا دەستووریەکانی خۆیان لە ئاست  جێبەجێکردنی ئەم ماددە دەستووریە بخەنەگەڕ، لەلایەکی دیکەش هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی ئەم یاساشکێنی و زیادەڕەویانە زیاتر بکەن.”

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان تیڤی، ئێوارەی دوێنێ هەینی لە گوندی پەلكانە سەدان عەرەبی هاوردە هێرشیان کردە سەر جوتیارانی کورد بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زەوییەکانیان، له‌ هێرشه‌كه‌دا جوتیاره‌ کورده‌كانی گوندی په‌لكانه‌ به‌رگرییان له‌خۆیان كرد‌ و به‌رپه‌رچی هێرشه‌كه‌یان دایەوە،  به‌هۆیه‌وه  نزیکەی‌ 10 جوتیاری كورد له‌ هێرشه‌كه‌دا بریندار بوون و لەناو عەرەبەکانیش ژماره‌یه‌ک برینداری لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ شەممەـش دوای چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ چاودێریکردنی دۆخی گوندی پەلکانە، عەرەبی هاوردە گوندەکەیان جێهێشت.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لە پەیامێکدا سەبارەت بەو هێرشەی کرایەسەر جوتیارانی گوندی پەلکانە، گوتی: هێرشی ئەمڕۆی سەر گوندی پەلکانەی ڕۆژئاوای کەرکووک، هەوڵێکی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەریی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری.

گوتیشی: پەلاماردانی کوردانی پەلکانە و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن سەرکۆنە دەکەین.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژەی بەوەش دا کە “داکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزی لەو ناوچانە و ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.”