پەیامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی(١٢٥)ەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەریی کوردی
ئەمڕۆ یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییە لە مێژوودا، کە بەنێوی ڕۆژنامەی (کوردستان) و لە ٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨ لەسەر دەستی (میقداد مەدحەت بەدرخان) لە قاهیرەی پایتەختی میسردا و لە قۆناغێکی گرنگی مێژووییدا دەرچوو.
ڕۆژی پڕشنگداری ٢٢ی نیسان، یەکێکە لە ڕۆژە گرنگ و مانادارەکانی کورد و ڕۆژنامەنووسی و کولتوور و ڕۆشنبیریی نەتەوەکەمان.
ڕۆژنامەی(کوردستان) ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە بووژانەوەی هەست و نەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و ڕەخساندنی زەوینەی پەرەسەندنی هزر و هۆش و بیروباوەڕی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی.
ڕۆژنامەی (کوردستان)، کە لە غوربەت و، هەر چەند ژمارەیەکی لە شار و وڵاتی جیادا دەرچووە، لە چەند ڕووێکەوە واتا و مانا و مەغرای خۆی هەیە، گرنگترین مانای ئەوەیە، کە کورد ستەم ڕەت دەکاتەوە و دەنگی ئازادیخوازانەی خۆی ئاشتییانە و لە ڕێگەی پەیڤ و وشەوە دەرئەبڕێت و ڕەوایی دۆزەکەی دەگەیەنێتە هەموو جیهان.
ڕۆژنامەی(کوردستان) سەکۆیەکی ئازاد بوو بۆ دەنگە دلێر و نیشتیمانپەروەرەکان، سەکۆیەکی نوێ بوو بۆ خزمەتکردنی کێشەی کورد و بەدیهێنانی ئامانجەکانی و خستنەڕووی خواست و ویستەکانی وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراوی خاکداگیرکراو.
ڕۆژنامەگەریی کوردی بە درێژایی مێژووی (١٢٥) ساڵەی، هەمیشە ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و هەمیشە خاوەن پەیامێکی ڕاست و ڕوون بووە و، هەقه هەموومان بە شانازییەوە ئەو مێژووە پڕشنگدارە وەبیر خۆمان و نەوەکان بهێنینەوە، تایبەت ئەو بوار و بیاڤانەی، کە گرێدراون بە نیشتیمان و بەرگریکردن لە کورد و کوردستان و دەسکەوتە بەخوێن وەدیهاتووەکانی.
وەک دیارە لە قۆناغی ئەمڕۆشماندا لە هەرێمی کوردستان، بە پێی (یاسای کاری رۆژنامەگەریی ژمارە ٣٥ـی ساڵی ٢٠٠٧) پانتاییەکی بەرفراوانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و ئازادیی ڕادەربڕین فەراهەم کراوە لە ڕووی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و هەموو بوارەکانی کاری ڕاگەیاندن، لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوە و کەناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و کەناڵ و میدیای ئەلکترۆنی، ئەو فرەڕەنگییەی میدیا لە هەرێمی کوردستان نیشانەی تێگەیشتنی دروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەرلەمان، دامەزراوەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە بە ئاراستەی ڕەخساندنی زیاتری زەمینە و بواری کارکردنی میدیاییانە، تا بە هەموو لایەک خزمەت بە کۆمەڵگا، پرسەکان، ڕەوایی دۆز، نیشتیمان و ئاییندەسازیی بکرێت.
لەم بۆنە پڕشنگدارە مێژووییەدا، جارێکی دیکە وێڕای پشتیوانیی تەواومان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریی نیشتیمانبین، جەخت دەکەینەوه، کە پێویستە هەمووان، نیشتیمان و بەرژەوەندییە باڵاکان و چاکەی گشتی بکەنە کاری لەپێشینە و بەرپرسیارانە کاری ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکان و پرسە چارەنووسسازەکانی هەرێمی کوردستان بکەن،
لە بیرەوەریی (١٢٥) ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا:
ـ دروود بۆ دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی: (کوردستان) و ئەو کاروانە پڕ شانازییه.
ـ پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەکەین.
ـ سڵاو لە بەدرخانییەکان و خانەوادەی هێژایان و سەرجەم ئەو ماندوونەناس و تێکۆشەرانەی خزمەتی ڕەوتی ڕۆژنامەگەریی کوردییان کردووە.
ـ دروود بۆ ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکانی کوردستان و ڕێز و سڵاو بۆ خانەوادەی سەربەرزیان.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ـی٤ـی٢٠٢٣