هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەممەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان.
بەڕێزان ئەندامانی ستافی نووسین و هونەری و کادیر و کارمەندانی گۆڤاری گوڵان.
ئەمڕۆ لە یادی (٢٩) ساڵەی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، هەوڵ و کۆشش و کار و بەخششی گۆڤاری (گوڵان) بەرز دەنرخێنین، کە لە تەمەنێکی دیاریکراودا توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاوی بواری راگەیاندن و ڕۆشنبیری و کولتووری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان بکات.
گۆڤاری(گوڵان) خاوەن تایبەتمەندێتی پیشەییانە و ڕۆژنامەوانیی خۆیەتی و، پەیڕەوی بنەما و ئیتیکی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەگەریی کردووە و زەوینەیەکی گونجاو و بەرهەمداری ڕەخساندووە بۆ شیکردنەوە و گفتوگۆی گرنگ و کاریگەر لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکان و، لە گەیاندنی پەیامی هەفتانەی خۆیشیدا سەرکەوتوو بووە، بەو پێیەی توانیویەتی لە ڕێگای کەسایەتی و پسپۆڕ و شارەزایانی ئەو بوارانە، هاوکات لەگەڵ دیاردە و پرس و کێشەکاندا بیروڕا و بۆچوونەکانیان بخاتەڕوو.
لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەو گۆڤارە لەوەدایە، کە سنوورە لۆکاڵییەکانی تێپەڕاندووە، تایبەت لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی خۆی (گوڵان میدیا) و پێگە ئەلکترۆنییەکانەوە.
لەو بۆنەیەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و خوێنەرانی ئازیزی گۆڤارەکە دەکەین و، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوامی و بەرەوپێشچوونی گۆڤاری (گوڵان) دووپات دەکەینەوە.
هەر سەرکەوتووبن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ـی٤ـی٢٠٢٣