به‌رپرسێکی پێشووی یه‌كێتی: مووچەی خانەنشینان لە هەولێر هاتووه‌ته‌ سلێمانی و قوباد و بافڵ لە دیارنەمانی به‌رپرسن

ئه‌ندامێكی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لیستی یه‌كێتی، هاوكات به‌رپرسی پێشووی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌ تاران دەڵێت: ”هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌، كە له‌ هه‌ولێره‌وه‌ پاره‌ دێته‌ سلێمانی و لە سلێمانییش حه‌په‌لووش ده‌كرێت، داهاتی سنووری سلێمانی و داهاتی ناوخۆ له‌م سنووره‌ دیار نییە و به‌رپرسیاری یه‌كه‌میش لێی قوباد تاڵه‌بانییه‌.“

محه‌مه‌د ره‌فعه‌ت، به‌رپرسی پێشووی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌ تاران، ڕایگەیاند: توخوا عه‌یب نییه‌ به‌م به‌ره‌جه‌ژنانه،‌ قوباد تاڵه‌بانی یان یه‌كێتی، بڕیار له‌سه‌ر راگرتنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌یلوول بده‌ن؟ ئاخر خۆ پێشمه‌رگه‌ی ئه‌یلوول له‌ده‌ره‌وه‌ی ململانێی حزبییه‌ و پێشمه‌رگه‌ی پێش دروستبوونی ئه‌م حزبانه‌یه‌، به‌م به‌ره‌جه‌ژنانه‌ ده‌ست بخه‌یته‌ قورگی پێشمه‌رگه‌وه‌، وه‌ڵاهی شه‌رمه‌، ئاخر له‌م سنووره‌ كه‌ من خۆم یه‌كێتیم و له‌ سەركردایەتیی یه‌كێتی بووم، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوا داهاتی خاڵی سنوورەكان و داهاتی ناوخۆ و ئاو و كاره‌با؟ كوا داهاتی ئه‌م شاره‌؟ ئه‌وه‌تا له‌ هه‌ولێره‌وه‌ پاره‌كه‌ دێت، كه‌چی لێره‌ ده‌خورێت و حه‌په‌لووش ده‌كرێت، به‌رپرسیاری یه‌كه‌م له‌م دۆخه‌ی له‌ سلێمانی دروست بووه‌ قوباد و بافڵ تاڵەبانین، ئه‌مان به‌رپرسیارن له‌م دۆخه‌كه‌.“

راشیگه‌یاند: ”من نه‌مزانیوه‌ تۆ داهاتی خۆتت هه‌بێت، له‌ هه‌ولێره‌وه‌شه‌وه‌ پاره‌ بێت، كه‌چی پاره‌كه‌ دیار نه‌مێنێت، ئاخر خۆ ناكرێت داهاتی دهۆك و هه‌ولێر كۆ بكرێته‌وه‌ بهێنرێت بۆ سلێمانی، لێره‌ش بدرزێت، ئەی كوا قوباد تاڵه‌بانی پاره‌ی بانكە‌كانی سلێمانیتان چی لێ كرد؟ ئه‌وه‌تا وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێت پاره‌مان ناردووه،‌ ئه‌ی پارەی بانكه‌كانی سلێمانی چی لێ هاتووه‌؟ داواكارین به‌ زووترین كات هه‌رچی پاره‌ی سلێمانی هه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خەزێنەی حكوومەت و خه‌ڵكی هه‌ژار، چیدیكە یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك جنێومان پێ بدات و ئه‌و فه‌رده‌ ‌دۆلارانە بهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و بیدەنەوه‌ به‌ خه‌ڵكی هەژار.“