مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە مووچەخۆرانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.
لە پەیامی سەرۆکی حکومەت هاتووە: “نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە. نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت، پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەڵک و یاسادا بەرپرسیار بن”.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان دەکەین و وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و فشارەکان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان باشتر بکەین.
ئێمە لە قۆناغە سەختەکانی کۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیرکردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتی خوای گەورە و پاڵپشتی هاووڵاتیانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی رەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە.
نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە. نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت. پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەڵک و یاسادا بەرپرسیار بن.
مەسرور بارزانی
2023/4/20