پەرلەمانتارێک: دیارنەمانی داهاتی سلێمانی کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەکات

پەرلەمانتارێکی کوردستان هۆکاری سەرهەڵدانەوەی کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی بۆ دیارنەمانی داهات لەو پارێزگایە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: کارەساتێکی گەورەیە بەم جەژنە مووچەی خەڵک دوابخرێت.

ئەرشەد لۆلانی، پەرلەمانتاری کوردستان راگەیاند: “ئەو دۆخەی لە سلێمانی هەیە هی ئێستا نییە، بەڵکو لە ساڵی 2021ـەوە هەیە، چەند مانگێک چاک دەبێت و دواتر سەرهەڵدەداتەوە، پرسیار ئەوەیە داهاتی دەروازە سنوورییەکان و باج و رسومات لە سنووری سلێمانی چی لێدێت و کێ لێی بەرپرسیارە، چەندین جار لە پەرلەمان ئەو پرسەمان باسکردووە و بیانووی جیاجیا دەهێننەوە”.

گوتیشی: “ئێستا بەم جەژنە خەڵک بێ مووچە دەکەن، ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، چونکە ئەوە رەنج و ماندوبوونی خۆیانە و منەتی کەسی بەسەرەوە نییە”.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند: “هەموو ،مانگێک لە وەزارەتی داراییەوە پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە رەوانەی سلێمانی کراوە، تەنیا ئەو کورتهێنانەی هەیە دەبێ لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بخرێتە سەری، رێژەکە زۆر کەمە و کەمتر لە %20ی مووچەیە”.

ئەرشەد لۆلانی، دەشڵێت: “داهاتی ناوخۆی سلێمانی ناچێتەوە گەنجینەی گشتی، تا مووچەی مووچەخۆرانی پێبدرێت”.

باسی لەوەشکرد “هەندێک جار مووچەخۆران بۆ دژایەتیکردنی حکومەت بەکاردەهێنرێن، بۆ ئەوەی بڵێن حکومەت لەکاتی خۆی مووچە دابەش ناکات، گومان لە کۆنکردنەوەی داهاتی سلێمانی هەیە، چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی گومانیان لە کۆکردنەوەی داهاتی سلێمانی هەیە”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە: “لەسەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی دابین کردنی مووچە لە سلێمانی تا ئێستا نزیکەی 65 ملیار دینار لە هەولێر و دهۆکەوە بە زیادەوە پارە بۆ سلێمانی رەوانە کراوە، کەچی هەر کورتهێنان لە مووچە هەیە”.

ئەرشەد لۆلانی، گوتیشی: “یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی حکومەت دیارنەمانی داهاتی ناوخۆی سلێمانییە”.