لیژنەی باڵای بینینی مانگ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، راگەیەندراوێکی لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان کۆدەبنەوە و بەپێی بنەما شەرعییەکان لەناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان چاودێری بینینی مانگ دەکەن و بڕیار لەسەر دەستنیشان کردنی رۆژی جەژن دەدەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەمین رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (29)ی رەمەزانی ساڵی 1444ی کۆچی بەرامبەر بە 20⁄ 4⁄ 2023، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەروەھا بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکیەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بەپێی بنەما شەرعییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان چاودێری بینینی مانگ دەکەن و بڕیار لەسەر دەستنیشان کردنی رۆژی جەژن دەدات”.

لە بەشێکی ئەو راگەیەندراوەکەدا رۆژنامەنووس و کەناڵەکانی راگەیاندن ئاگادار کراونەتەوە “دوو کاتژمێر پێش راگەیاندنی بڕیاردان لە سەر دەستنیشان کردنی رۆژی جەژن، لەڕێگەی گرووپە رۆژنامەوانییەکانەوە فریکوێنسی بۆ هەموو کەناڵ و پەیجەکان دەنێرین. بۆیە پێوسیت ناکات هیچ میدیاکار و کەناڵێک لە دیوانی وەزارەت ئامادە بێت. تەنها لە رێگەی فریکوێنسی دەتوانن ناوەرۆکی کۆنگرە رۆژانامەوانییەکە وەرگرن و  بیگوازنەوە”.