له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە بەپێوستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:-

1- هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کە کۆی گشتی 289 ملیارو 500 ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە 80 ٪ تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە . 

2- کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنوری سلێمانی 362 ملیارو 300 ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێر و دهۆک.   

3- وەک پێشتریش بڵاومانکردەوە رێکەوتن لەسەر پشکی ( 57 ٪ ) پشکی لە ( 43 ٪ ) وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە و زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت رێكکەوتنی لەسەر کراوە.   

4- کێشەی کورتهێنان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە و لە ساڵی 2021 وە دەستی پێکردووە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار .  

5- بەڕێز وەزیری دارایی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشەو گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستۆتە گەڕو بەهەوڵی جەنابیان مانگی پێشووتر بڕی 34 ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لەوەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوەو لەمانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووش جارێکی تر بڕی 29 ملیار دینار لەدەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە.       

لە کۆتایدا پێویستە بوترێت کە کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە. 

1-  کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پاریزگاکە.      

2-  ڕێکەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە ( 43 ٪ ) بە ( 57 ٪ ).      

3-  نەمانی پارەی کاش ( سیولە لە بانکەکان )