پارێزگارى هەولێر، پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی شەقامی 30 مەتری بەسەرکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023.4.19، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕیوەچوونى کارەکان و پەلەکردن لە تەواوکردنى پڕۆژەکە، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى یەک، پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی شەقامی 30 مەتری و بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی بەسەرکردەوە، کە لە چوارچێوەی پلانی پارێزگاى هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو و ڕێگریكردن لە كۆبوونەوەی ئاوی باران لە سەنتەری شاری هەولێر بە گوژمەی (2 ملیار و 429 ملیۆن و 370 هەزار دینارە) دەست بەجێبەجێکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر، لەگەل ئەندازیارانى سەرپەرشتیار و بەڕیوەبەرى فەرمانگە پەیوەندیداراکان، تەئکیدى لە پەلەکردن لە تەواوکردنى پرۆژەکە کردەوە و تیشکى خستەسەر ئەوەى داخستنی ئەو بەشەی شەقامی 30 مەتری کە شەقامێکى سراتیژى و گرنگى سەنتەرى شارى هەولێرە کاریگەرى زۆرى کردۆتەسەر کاروکەسابەتى کاسبکارانى سەر ئەم شەقامە و هاتووچۆى دانیشتوانى گەرەکەکانى نزیکى ئەو شەقامەى.

جێگەى باسە، پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی، کە دەکەوێتە سەر شەقامی 30 مەتری بەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تاكو شەقامی 60 مەتری نزیک سایلۆی هەولێر، درێژیەکەى 1220 مەترە و 1000 مەتری پرۆژەکە تەواو بووە، لەو 1000 مەترەش 500 مەتری قیرتاو کراوە و چەند مانگێکە کراوەتەوە و شۆفێران هاتووچۆی لە سەر دەکەن و 220 مەتری پرۆژەکەش تەواو نەکراوە و تاوەکو ئێستا کارکردن تێیدار بەردەوامە.