کەشناسی رەوشی کەش و هەوای دوو رۆژی راگەیاند

شارەزایەكی كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای دوو ڕۆژی داهاتوو، چەند زانیارییەكی بڵاوكردووەتەوە و باس لەوە دەكات: “ئەگەری تاوەباران و هەورەبرووسكە هەیە.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 19/4/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای دوو ڕۆژی داهاتوو، پۆستێكی لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) كردووە و ڕایگەیاندووە: “سبەی پێنجشەممە لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر ڕۆژئاوای ھەرێمی كوردستان، ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچەھەور و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ شەو، لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاكە و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر هەندێك كات ئەگەری چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و تاوەبارانی ھەڕەمەکی دەبێت، پلەی گەرما لە سنووری پارێزگای ھەولێر و دهۆك بە ڕێژەی یەك تا دوو پلەی سەدی بەراورد بە ئەمڕۆ نزم دەبێتەوە، بەڵام ناوچەکانی دیکە بە جێگیری دەمێننەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕۆژی هەینی 21/4/2023، كە ئەگەری هەیە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بێت، كاریگەریی ناجێگیریی کەشوھەوا لەسەر ناوچەکانمان زیاتر دەبێت، پلەی گەرما سێ تا چوار پلە نزم دەبێتەوە، ئەگەری تاوەباران و ھەورەتریشقەی کورتخایەن لە ھەندێك لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین دەبێت، بە تایبەت لەنێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە و لە شەودا کەش سەقامگیر دەبێتەوە.