وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوی دزینی پاره‌ له‌ بانكێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ گرووپێك هه‌ڵسابوون به‌ دزینی بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌ بانكێكی حكوومی، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌م رووداوه‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه‌ نییه‌.

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هاتووه‌ “دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵێك له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی باندێكی (6) كه‌سی كه‌ هه‌ڵسابوون به‌ ساخته‌كردنی چه‌كی بانكی و به‌كاریانهێناوه‌ بۆ دزینی بڕه‌ پاره‌یه‌ك له ‌بانكێكی حكوومی” .

ڕاشیگه‌یاند” ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نین كه‌ دوور و نزیك ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه ‌و هیچ ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌و تاوانه‌دا ده‌ستیان نه‌بووه ‌و به‌شدار نه‌بوون.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ داواشی له ‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كرد به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ دۆسیانه‌ بكه‌ن و ناوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ مه‌رامی میدیایی خۆیان به‌كار نه‌هێنن.