ئەمڕۆ سێشەممە 2023.4.18، لە سەر فەرمان و راسپاردهى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لەچوارچێوەى گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستى ئاوەدانى بۆ خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى خانەوادە و کەس و کارى شەهیدانى گوندى خدرجیجه و سەنگەر کانەبى، بەرپرسى لقی 23ی قەرەچووغی پارتی و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و هونەر نورى، بەڕێوەبەرى گشتیى ڕێگا و بانى هەولێر و ژمارەیەک لە فەرماندەى سەربازى هێژەکانى پێشمەرگەى کوردستان و بەڕێوەبەرى ناحییەى دیبەگە و هاوڵاتییانى ناوچەکە، بە گوژمەى (5 ملیار دینار) لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بەردى بناغەى پرۆژەى چاککردنەوە و قیڕتاوکردنى ڕێگاى گوندەکانى ( گاوەرە، خدرجیجه، لاوەر، شێخان) دانرا.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “ئەورۆ زۆر سەربەست خۆشحالین دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریی دەگەێنین بە جێگایەک و خاکێک و سنوورێک، کە هەمیشە لە لایەن تیرۆرستان و ناحەزانەوە ئامانج بووە، هیوادارین پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا کە بۆى دانراوە بە کۆتابێت”.
گوتیشى: “پاش ئهوهی لە 2021/12/02، چهكدارانی داعش هێرشییان كردبووه سهر گوندى خدرجیجەیان دا و بههۆیهوه 13 هاووڵاتیی سڤیل و هێزی پێشمهرگهی كوردستان شههید ببوون، رۆژى دواتر ڕێزدار مەسرور بارزانى، سهرۆكی حكومهتى هەرێم سهردانی مهیدانی ئەم گوندەى کرد و ئاماژەى بەوەدا هەرشوێنێک تیرۆرستان دەستى بۆ ببەن ئامانجیان خاپوورکردن و لەناوبردنى خاکەکەیە، لە وەڵامى ئەم تیرۆرستانە، جەنابیان بڕیارى ئەوەیدا رێگاکانى ئەم گوندانە چارەسەر بکرێت و دروست بکرێت”.
جێگەى باسە، پرۆژهى درووستکردنى ڕێگاى گوندى خدرجیجە، یهکێکه له پرۆژه ستراتیژییهکانى حکوومهتى ههرێمى کوردستان و جگە لە سود گەیاندن بە دانیشتووانى گوندى ناوبراو، سەرجەم گوندەکانى ترى ناوچەکەش بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاسانکارەیەکى زۆریش دروست دەکات بۆ هاتۆچۆی هاوڵاتییان و دانیشتوانى گوندەکانى بناری چیایى قەرەچووغ.