“پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجە مەترسی لەسەر نییە”

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێ: ھیچ مەترسییەک لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان نییە. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، ڕایگەیاند: دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی حکوومەتی عێراقە و پێوەی پابەندین

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دەکات، سەرەتا لیژنەی دارایی ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجە خوێندەوە، دواتر ڕاپۆرتی ھەردوو لیژنەی پلانی ستراتیژی و ئابووریی پەرلەمان، لە بارەی پڕۆژەیاساکە خوێندرایەوە، پاشان سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەرگای گفتوگۆی کردەوە بۆ قسەکردن لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجە.
ڕۆژی ١٣ مانگی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی پەسەند کرد، کە زیاتر لە سەد و نەوەد و هەشت ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەش کراوە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ٢٠٢٣ـی عێراق قەبارەکەی زیاتر لە سەد ونەود و نۆ ترلیۆن دینارە، ڕەشنووسی بودجە کە بۆ سێ ساڵە، ئێستە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، زۆرترین تێبینی لەسەر ڕەشنووسی بودجە لەسەر کورتھێنانەکەیەتی، کە کورتھێنانی بودجە شەشت و چوار ترلیۆن دینارە، بەپێی ڕەشنووسەکە ھەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی عێراق سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل دەبێت، کە چوار سەد ھەزار بەرمیلی نەوتی ھەرێمی کوردستانە، نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار دیاری کراوە، ھەر دۆلارێکیش بە ھەزار و سێ سەد دینار دیاری کراوە، ٧٥%ی بودجە بۆ خەرجی بەکاربردنە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پارەی تەرخانکراو بۆ قەرەبووی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ بڕی شەش ترلیۆن دینارە، لە کاتێکدا لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ٢٠٢٣ بڕەکە بەرزبووەتەوە بۆ ٩.٣ ترلیۆن دینار و بە ڕێژەی ٥٥% زیادیکردووە، ھاوکات ھەمان بڕە پارە بۆ حەشدی شەعبی بە ڕێژەی ٢١% لەنێوان ئەو دوو ساڵەدا زیادی کردووە.
پارەی تەرخانکراو بۆ پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چوار سەد ملیار دینار بوو، بەڵام بۆ ھەمان کەرت بڕە پارەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە یەک ١.٨ ترلیۆن دینار.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەنێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی دامەزرێندراون گەیشتووەتە ٨٣٢ ھەزار و ٩٦٧ کەس، کە ١٣%ی زیاترە لەو فەرمانبەرانەی لە ساڵی ٢٠٢١ دامەزرێندراون و زۆرترین ڕێژەی زیادبوونی فەرمانبەران لەنێوان ئەو دوو ساڵەدا لە دەستەی حەشدی شەعبی بووە بە ڕێژەی ٩٥% کە گەیشتووەتە سەد و شازدە ھەزار و حەفتاو پێنج دامەزراندن.
لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو، ڕۆژانە بە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل دیاری کراوە، لەو ژمارەیە چوار سەد ھەزار بەرمیل لەڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە دەکرێت، داھاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە سەد و حەڤدە ترلیۆن و دوو سەد و پێنجا و دوو ملیار دینار خەملێنراوە و داھاتی نا نەوتیش، حەڤدە ترلیۆن و سێ سەد و یەک ملیار دینارە.
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت: کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کڕیارانی نەوت گرێبەستێک ئیمزا دەکەن و لەم ھەفتەیەدا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەشڵێ: دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی حکوومەتی عێراقە، پابەندین بە دابینکردن و پێدانی مووچە بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تەنھا بابەتی تەکنیکی ماوە و نامە ئاراستەی حکوومەتی تورکیا دەکرێت و ھەناردەکردنی نەوت دەست پێدەکاتەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە، ١٢٨ پەرلەمانتار تێبینییەکانی خۆیان لەسەر پڕۆژە یاساکە دەدەنە لیژنەی دارایی بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاساکەدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ھیچ مەترسییەک لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان نییە.