دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەکاندا خێرایە

ئەوە سروشتییە لەگەڵ گەورەبوونی شارەکانی هەرێمی کوردستان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوواندا، ڕادەی تاوانکاری و کاری نایاساییش لە زیادبووندا بێت. تاوانەکانیش بە پیی بارودۆخ و سەردەمەکان لە گۆڕاندان، ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامودەزگە ئەمنییەکانەوە ساڵانێکە کاری جددی لەسەر کردووە، نەهێشتن و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بووە و لەو بوارەشدا هەنگاوی گەورەی ناوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ماددەی هۆشبەر
لەم ساڵانەی دواییدا، ئەوەی بە گەورەترین مەترسیی لەسەر هەرێم و دانیشتووانەکەی دادەنرا تەشەنەکردنی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بوو، چونکە هەرێمی کوردستان بەپێی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کەوتۆتە لێواری مەترسییەکەوە. دەزگا ئەمنییەکان هاوشێوەی دەزگا پێشکەوتووەکانی وڵاتان تا ڕادەیەکی دڵخۆشکەر بەسەر ئەو مەترسییەدا زاڵبوونە. بە گوێرەی ئامارەکانی دەست بەسەرداگرتن و گرتنی بازرگانان بێت، مەترسییەکە زۆر لەوە جددی ترە کە باس دەکرێت و ئەگەر دەزگا ئەمنییەکان بەوپەڕی چاوکراوەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا نەکردبا کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ئەستەم دەبوو. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢ دا و لە شاری هەولێر، نزیکەی ٢ هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان یان بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر گیراون و ٣٧٥ کیلۆگرام ماددەی جۆراوجۆری هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، کە ئەمەش بۆ شارێکی وەکو هەولێر ڕێژەیەکی ترسناکە و ئامادەیی دەزگا ئەمنییەکان دەسەلمێنێت.
کەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان
بەپێی ئاماری ساڵانەی پۆلیسی هەولێر، ڕێژەی تاوانکاری ساڵ دوای ساڵ بەرەو کەمبوونەوەی بەرچاو چووە، بە ڕێژەیەک ساڵی پار ڕێژەی تاوانکاری بۆ ئاستی نیوەی ڕێژەی تاوانەکانی ساڵی پێرار دابەزیووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماری دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە هەڵکشاندا بووە. بەپێی ئامارێکی پۆلیسی هەولێر لە ساڵی ٢٠٢١ دا زیاتر لە یازدە هەزار تاوان کراوە و لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی حەوت هەزار دابەزیووە. سەرباری ئەوەش تاوانی کوشتن کە مەترسیدارترین جۆری تاوانە ڕێژەکەی بەرەو کەمبوونەوە چووە ئەم ئامارانە دەرخەری ئەوەن دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تاوانکاریدا ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
هەڵمەتەکانی دەست بەسەرداگرتنی چەک
یەکێک لەو ڕێکارانەی ماوەکانی ڕابردوو دەزگا ئەمنییەکان گرتیانە بەر لەپێناو کەمکردنەوەی تاوان، هەڵمەتی داماڵینی چەک بوو لە کۆمەڵگە، ئەم هەڵمەتانە تا ڕادەیەکی بەرچاو دیاردەی چەکداری بەرەو کەمکردنەوە بردووە بە ڕادەیەک بەپێچەوانەی ساڵانی پێشتر، مەحاڵە لە شەقام و بازاڕەکاندا هاووڵاتیەکی چەکدار ببینرێت. وا چاوەڕوان دەکرێت بە بەردەوام بوونی ئەم هەڵمەتە ڕێژەی کوشتن و تاوانکاری لە ئامارەکانی ئەمساڵ و ساڵانی دواتردا بۆ ئاستێکی نموونەیی دابەزێت.
مامەڵەی خێرا لەگەڵ ڕووداوەکان
ئەگەرچی بەهۆی فراوانبوونی دونیای دیجیتاڵی و هێڵەکانی ئینتێرنێت و زیادبوونی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا، تاوانەکان خۆیان لە فۆرمێکی نوێدا دەبینن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە زۆربەی ئەو تاوانانەی لەم دواییانە کراون، بە شاهێدی ڕای گشتی، دەزگا ئەمنیەکان توانیویانە بکەر و تۆمەتبارانی هەر ڕووداوێک لە کەمترین ماوەدا دەستگیر بکەن. وەک ئەوەی دوایین جار لە تاوانی هێرش کردنە سەر پارێزەرەکە، دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر لەماوەی کەمتر لە ٨ کاتژمێر تۆمەتبارانی دەستگیر کرد.