هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعیی كوردستان:فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە هەنگاوێكی باشە بۆ ئابووریی كوردستان

مەزهەر كەریم – سلێمانى

هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان، سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم، بۆچوونی خۆی و حزبی شیوعی کوردستان ڕوون دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەی دژی ڕێککەوتنەکەن لەناوخۆی کوردستاندا بەرژەوەندی شەخسییان هەیە و ئەوانەی لەسەر ئاستی عێراقیش دژایەتیی دەکەن، کەسانی شۆڤێنین. دەڵێت: فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەنگاوێكی باشە بۆ ئابووریی كوردستان و پێویستە هەرێم و بەغدا لەنزیکترین كاتدا ڕەشنووسی یاسای نەوت ‌و گاز ئامادە بكەن. باس لەوەش دەکات ئیشکالی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بوونی وتاری ئۆپۆزسیۆنە لە هەندێک لایەنی بەشداری حکوومەتەوە.

  • بۆچی هەندێک کەس دژی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بوون لەسەر دۆسیەی نەوت ؟
  • ئەوانەی دژی ڕێكکەوتنی هەرێم و بەغدابوون لەناوخۆدا لەڕوانگەی بەرژەوەندەی تاكە كەسی ‌و حیزبییەوە سەیری ئەو ڕێكەوتنەیان دەكرد، و ئەوانەی لەناو حكوومەتدان وتاری ئۆپۆسیۆنانەیان هەیە ئیشكالی شەراكەتی حكومڕانین لەهەرێمی كوردستان، پێویستە چارە بكرێت. لەسەر ئاستی عێراقیش كەسە شۆڤێنیەكان دژایەتیان دەكرد ‌و لەگەڵی نەبوون.
  • سوودەكانی ڕێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە چیدا دەبینن ؟
  • ڕێكکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بنەمایەكی باشە بۆ چارەكردنی دۆسیە هەڵپەسێراوەكان و جێ بەجێ كردنی دەستووری عێراق. لەهەمان كاتدا كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان کەم دەکاتەوە بەتایبەت گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا چەقبەستوویی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا كۆتای پێ دێنێت.
  • لەدوای ڕەوانەكردنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ، دۆخی كوردستان ئایندەی کوردستان چۆن دەبینن؟
  • ئەگەر حكوومەتی عێراقەوە لە جێبەجێ کردنی ڕێكکەوتنەكەدا جددی بێت، ئەوا هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ ڕێكخستی بواری ئابووریی هەرێم و پێویستە لە نزیكترین كاتدا، ڕەشنوسی یاسای نەوت‌ و گاز لە بەغدا ئامادە بكرێت لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم دۆسیەكان بكرێتە یەك پاكێج.
  • بۆچی هێزە كوردیەكان لەناوخۆ ‌و دەرەوە ناتوانن یەكگرتوو بن ؟
  • چونكە حیزبایەتی جێگەی پرۆژەی نیشتمانی گرتۆتەوە؛ بە داخەوە دیالۆگی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە بەرنامەیەكی هاوبەشی یەك وتاری نییە، دەستێوەردانی دەرەكی وەک شێرپەنجە تەشەنەی كردووە بەبێ گوێدانە تایبەتمەندیەكانی خەڵكی كوردستان.