گوشارەکانی سەر بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان زیاتر دەبێت

دوای زیاتر لە 10 ڕۆژ لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە بارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا گوشار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی نەوتەکەین، سەرەڕای ئەوەی دواکەوتنێک دەبینین لە دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە پاش ئەو ڕێککەوتنەی لە چواری نیسان لەنێوان هەولێر و بەغدا مۆر کرا .

هەرچەندە هێشتا هەناردەکە دەستی پێنەکردووەتەوە و دواکەوتنەکە پێی ناوەتە دەیەم ڕۆژ، بەڵام بەغدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە لەگەڵ تورکیا لەوبارەوە لە گفتوگۆدایە، دیار نییە چ ڕۆژێک دەستپێدەکاتەوە، لە ئەمریکاش دواکەوتنی ئەو هەناردەیە رووبەڕووی رەخنەی کۆنگرێسمانەکان بووەتەوە، مایکڵ واڵتز، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە کۆمارییەکانە و نوێنەری فلۆریدایە، لەو بارەوە ڕەخنە لە عێراق دەگرێت، ئەو کە سەربازی هێزی تایبەتی ئەمریکا بووە و ئێستا ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە و هەواڵگری هەروەها لیژنەی هێزە چەکدارەکانە، لە تویتەر نووسیویەتی : ئیدارەی ئەمریکا پێویستە گوشار بخاتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ناردنی دۆلاری ئەمریکا بۆ عێراق و ڕێکاری تووند و سزادانی تاک و دامەزراوەی جیاواز دەبێت لەسەر مێز بێت.
واڵتز، کە هاوسەرۆکی لیژنەیەکی تایبەتی کۆنگرێسیشە لە بارەی پەیوەندیی لەگەڵ کورد وفەرهەنگی کوردی، داوا دەکات هەرچی زووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە .
هەرچەندە وەکو واڵتز دەڵێ :ئەمریکا خاوەنی هەژموونێکی باشە لە بەغدا ئەگەر بەکاری بێنێت،دەتوانێ وا بکات هەناردەکە دەست پێبکاتەوە، چونکە ئێستا کلیلی چارەی ئەو پرسە لای بەغدایە و پێویستە ئەمریکا لەوبارەوە گوشار بکات، هاوکات لە بڕیاری دادگەی پاریسیشدا هاتووە کە پێویستە بەغدا بەدوای دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا بچێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەی نەکردووە
هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی هەناردەی نەوتی کوردستان جارێکی دیکە لە ڕێگەی گوتەبێژەکەیەوە دووپاتکرایەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت : بەردەوام دەبین لە داوای دەست پێکردنەوەی نەوت لە هەموو لایەنەکان .
دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوت، وەکو میدیای جیهانی دەڵێ : شکتسی عێراق لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە، ئێستا ئەوەی ماوە ڕێککەوتنە لەسەر تەکنیکەکانی چۆنیەتی دەستپێکردن، سەرچاوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەلێن چەند خاڵێکی تەکنیکی ماون لەوبارەوە، کە بەمزووانە تەواو دەکرێن، بەپێی زانیارییەکان پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق پێویستە فەرمانی دەست پێکردنەوەی هەناردەکە دەربکات،دواتریش ڕێکاری یاسایی و تەکنیکی لەگەڵ تورکیا تەواو دەکرێت.
هەرچەندە ئەمریکا چەند جارێک داوای دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانی کردووە، ئێستا ماویەتی ئەنجامی ئەو هەوڵانەی ئەمریکا ببینرێت لەو بارەوە؛ ئەگەر ئەو ئەنجامەش نەبینرێت، هەرێمی کوردستان بژاردەی دیکەی لەبەردەمە، لەسەروویانەوە بڕیارەکەی دادگەکەی پاریس بە ڕوونی باسی ئەوەی کردووە هەناردەکە لە رێگەی سیستەمی ITP یان پلانی تاقیکردنەوە و پشکنین، بڕیارەکە نەچووەتە سەر دەقە دەستوورییەکان، لەوانە دەسەڵاتی کام لایەنە بۆ هەناردەی نەوتەکە.