فەرەنسا چەند ئەندامێكی پەکەکەی بەتۆمەتی پارەدارکردنی تیرۆریزم سزادا

دادگایەکی فەڕەنسا بە تۆمەتی پارەدارکردنی تیرۆریزم سزای زیندانی بەسەر چەند ئەندامێكی (پەکەکە) سەپاند.
دادگای تاوانی پاریس ڕۆژی هەینی (14ی نیسانی 2023) سزای زیندانی بەسەر 11 ئەندامی (پەکەکە) بۆ ماوەی سێ تا پێنج ساڵ، سەپاند.
تۆمەتبارەكان بە ڕەچەڵەک تورکن و لە هەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی ئەندامبوون لە تۆڕێک كە بۆ كۆكردنەوەی باج و سەرانە لە كوردانی باشووری فەرەنسا دامەزراوە، دادگایی كران.
پەکەکە بۆ ماوەی دەیان ساڵە لە دەوڵەتی تورکیا یاخی بووە و لەلایەن ئەنقەرە و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە. دادگای پاریس ڕایگەیاند ئەوانە پارەیەکی زۆریان لەژێر هەڕەشە و فشار لە خەڵك وەرگرتووە. چەندان جار هەڕەشەیان لە كوردانی ئەوێ كردووە، پێیان گوتوون ئەگەر باجی خۆتان بەشێوەیەكی رێكوپێك نەدەن لە جالیە دەردەكرێن.
بە درێژایی دادگاییکردنەکە، داواکارانی بەرگری هەوڵیان داوە ناونیشانی “تیرۆریزم” ڕەت بکەنەوە. داوایان كردووە فەرەنسا جیاوازیی بكات لەنێوان ئەو كوردانەی لەگەڵ خۆی هاوپەیمان بوونە و لەدژی داعش جەنگاون، لەگەڵ ئەو تیرۆرستانەی لەگەڵ توركیادا دەجەنگن.
لێکۆڵەرانی تاوان دەڵێن شایەتییەکان و دەرکردنی ئاوارەکان، ئاشکرای دەکەن، كە “باجستێنان” بە زۆر پارەوپوول لە خەڵك وەردەگرن، هەروەها پێیان وایە ساڵانە نزیکەی 2 ملیۆن یۆرۆ (2.2 ملیۆن دۆلار) لە باشوری ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا کۆدەکرێتەوە.