سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پێکهاتەکان دوو پێشنیازیان لەبارەی بەشداریان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان داوەتە یونامی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

نوێنەری پێکهاتەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ یونامی دوو پێشنیازیان لەبارەی شێوازی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبووە؛ یەکەم، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە بە یەک بازنە و ڕێگەنادەن ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان دابەشی پارێزگاکان بکرێت. دووەم، ئەگەر کورسیی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشبکرێت، دەبێت ژمارەی کورسییەکانیان زیاد بکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی نیسان، نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئانۆ جەوهەر، وەک وەزیری پێکهاتەی کریستیان، لەگەڵ نوێنەری یونامی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی شێوازی بەشداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
یونامی پێشتر لە ٩ی نیسان، دوو پێشنیازی ئاراستەی پارتی و یەکێتی کردووە، یەکەم: پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، یاخود بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دروست بووە، یەک کورسی کریستیان و یەک کورسی تورکمان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت.
بڕیار بوو ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە ڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد. بەڵام بەر لەوەی هەڵبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش پێویستی بە کاراکردنەوەیە.
سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، ڕایگەیاند: ئەو لایەنانەی کە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن ترسیان لە کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانیانە، ئەگەرنا دواخستنی هەڵبژاردن لەڕووی یاساییەوە باش نابێت بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان. بۆیە وەکو پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بکرێت و چی دیکە دوا نەخرێت، لەگەڵ ئەوەی پێکهاتەکان نەکەنە بەهانە کە ئەوان هۆکارن هەڵبژاردن نەکرێت و دوا بخرێت. ئازاد ئەکرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: ئەگەر ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت، بۆ ئەوەش دەبێت هەر چی زووە لایەنەکان لەسەر ئەو کێشانەی هەن ڕێک بکەون، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت و چی دیکە دوا نەخرێت. سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ: یاسای هەڵبژاردن هەیە، پێویست بە هەموار کردنەوە ناکات، ئەو لایەنانەی داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن بە دوای بیانۆدا دەگەڕێن، ئەگەرنا یاساکە هیچ کێشەیەکی نییە، تەنها پێویست دەکات کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە.
ئازاد ئەکرەم بەهرام، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی کوردستان، ڕوونیشیکردەوە: پێکهاتەکان بۆ کورسی کۆتاییان پێ دراوە؟ چونکە ژمارەیان کەمە.. ئەگەر دەستکاریی کورسی کۆتاکان کرا، ئیتر شتێک بەناوی پێکەوە ژیان نامێنێت چونکە ئەو کاتە پێکهاتەکان ناگەنە پەرلەمان. بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستانیش زۆر باش دەبێت ئەگەر هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، بۆیە پێویستە لەو قۆناغەدا هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت. لە عێراق ڕاستە هەڵبژاردن چەند بازنەیەک بوو، بەڵام بۆ پێکهاتەکان هەر یەک بازنەیی بوو؛ ئەوەش لەبەر ئەوە بوو پێکهاتەکان دەنگدەریان کەمە، بۆیە داوا دەکەین کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێت، نەک کەم. مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی، گوتی: لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو پێشنیازمان بۆ یونامی هەبوو، یەکەم، بە یەک بازنەیی بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەین و لەنێو ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان سازش لەسەر هیچ کورسییەکیان ناکەین. دووەم: داوامان کردووە کورسی پێکهاتەکان زیاد بکرێت و لە پەراوێزی زیادکردنەکە ئێمە دەتوانین سازش لەسەر کورسییەکان بکەین.
مونا قەهوەچی، ئاشکرای کرد: هەفتەی داهاتوو نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو پێشنیازانە کۆدەبنەوە و بە ڕاپۆرتێکی نووسراو ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاراستەی پارتی و یەکێتی و یونامی دەکەن.
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، دەڵێ: وەک پێکهاتەکان دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا ڕەتدەکەینەوە و پێداگیری دەکەین بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەین. ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد پرسی کۆتاکان تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکانیان نەکەن و دەڵێت: پاراستنی مافی پێکهاتەکان، دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێستە پێکەوە ژیانێکی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمە جێگەی دڵخۆشیمانە و پێکهاتەکان نوێنەری خۆیان هەیە لە پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێم.